پەرەگراف
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆتاییهاتنی ماوەی تۆماركردنی تانەی لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان ڕاگەیاند و ژمارەی ئەو تانانەی ئاشكرا كرد كە لە چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان تۆمار كراون. لە ماوەی 17 ڕۆژدا تانەكان یەكلا دەكرێنەوە و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بە كۆی گشتی 41 تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمار كراون، زۆرترینیان لە سلێمانی بووە كە 25 تانەیە، پاشان هەولێر 12 تانە، دهۆك 3 تانە و هەڵەبجە 1 تانە".
وتەبێژی كۆمیسیۆن وتیشی "بەپێی یاسای ژمارە 31ـی ساڵی 2019ـی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان، كۆمیسیۆن لە ماوەی حەوت ڕۆژدا تانەكان ئاراستەی دەستەی دادوەری دەكات، دەستەی دادوەریش 10 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ بڕیاردان لەبارەی تانەكانەوە".
ئەمڕۆ 3-11-2024، ئەو ماوە سێ ڕۆژییە کۆتایى هات کە کۆمیسیۆن بۆ تانەدان لە ئەنجامى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دیاریى کردبوو.
هەڵبژاردنەکە پاش چوار جار دواخستن، لە ڕۆژى 20-10-2024 بەشێوەیەکى ئەلیکترۆنى ئەنجام درا و دەنگەکانیش بە دەستى جیاکرانەوە.
بەشێک لە لایەنەکان ڕەخنەى توندیان لە ئەنجامى هەڵبژاردن هەیە و دەڵێن "ساختەکاریى گەورە" ئەنجام دراوە و بە "هەڵبژاردنێکى دیزاینکراو" ناوى دەبن، بەڵام کۆمیسیۆن ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت "باشترین هەڵبژاردن بووە لە ساڵی 1992ـەوە تا ئەمڕۆ ئەنجام درابێت".
کۆمیسیۆن داواى خستەڕووى بەڵگەى ساختەکارى لە لایەنەکان کردووە، تا ئێستایش هیچ بەڵگەیەکى ئاشکرا نییە کە بوونى ساختەکاریى گەورە بسەلمێنێت.
هەندێک لە لایەنەکان باس لە ئەنجامدانى ساختەکارى لە ڕێگەى ئەو سۆفتوێرەوە دەکەن کە بۆ هەڵبژاردن بەکارهێنراوە. ئەوان پێیان وایە بە بەکارهێنانى ئەو سۆفتوێرە کە لەلایەن کۆمپانیایەکى کۆرییەوە دابین و سەرپەرشتى کراوە، دەستکاریى ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیى چەند لایەنێک کراوە.
پاش نیگەرانیى لایەنەکان، ڕۆژى 26-10-2024 سەرۆکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان و بەرپرسانى دیکەى کۆمیسیۆن، لەگەڵ نوێنەرى لایەنە ناڕازییەکان بە بەشداریى ژمارەیەک لە کەسانى شارەزا لە ئایتى کۆبووەوە.
بەپێى ئەنجامى هەڵبژاردن، پارتى ٣٩ کورسى، یەکێتى ٢٣ کورسى، نەوەى نوێ ١٥ کورسى، یەکگرتوو ٧ کورسى، ڕەوتى هەڵوێست ٤ کورسى، کۆمەڵى دادگەرى ٣ کورسى، بەرەى گەل ٢ کورسى، هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانیى هەرێمى کوردستانیش یەکى یەک کورسییان بەدەست هێناوە، سێ کورسیش بۆ پێکهاتەى مەسیحى و دوو کورسى بۆ پێکهاتەى تورکمان بووە.