ئەنجامی زانكۆلاین ڕاگەیەندرا؛ سەرجەم دەرچووانی ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردوویش وەردەگیرێن
پەرەگراف
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی لە پرۆژەی زانكۆلاین ڕاگەیاند. لە دەرچووانی زانستی و وێژەیی ئەمساڵ كە ژمارەیان 45 هەزار و 852 خوێندكارە، 44 هەزار و 215یان وەرگیراون كە دەكاتە 96%، تەنیا هەزار و 763 دەرچووی ئەمساڵ وەرنەگیراون كە دەكاتە 4% و ئەوانیش وەردەگیرێن.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، 56130 دەرچووی پۆی 12ـی ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردویش هەبوون، لەو ژمارەیە بەگشی 53079 خوێندكار وەرگیراون، بەڵام پلانی وەرگرتن بۆ ئەمساڵ 64761 كورسییە، بۆیە هێشتا ژمارەیەكی زۆر كورسیی بەتاڵ ماون.
هەزار و 245 خوێندكاری پیشەییش لە زانكۆلاین داواكارییان پێشەكەش كردووە، كە 902 خوێندكاریان هی ئەمساڵن. لەو ژمارەیە 696 خوێندكار وەرگیراون كە 507 خوێندكاری هی ئەمساڵ و 189 خوێندكاریان هی ساڵانی ڕابردوو بووە. هەروەها 138 خوێندكار وەرنەگیراون و 111 خوێندكار داواكارییان پێشكەش نەكردووە.
لە دەرچووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەزار و 353 خوێندكار داواكارییان پێشكەش كردووە، 804 خوێندكاریان وەرگیراون و 372یان وەرنەگیراون.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت "هۆكاری وەرنەگرتنی بەشێك لە خوێندكاران ئەوەیە كە خۆیان كۆمەڵێك بەشیان دەستنیشان كردووە كە نمرەكەیان بۆ ئەو بەشانە نەبووە. هەموو ئەوانەش وەردەگیرێنەوە، لەبەر ئەوەی 13 هەزار و 299 كورسیی بەتاڵ ماوە".