پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی ستراتیژی یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت "تاكڕەوی كۆتایی هات و دەبێت حكومەتێكی نیشتمانیی بەرپرسیار" پێك بهێنرێت.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، لە دەباشان لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبووەوە و ڕایگەیاند "یەكێتی بە ستراتیژێكی نوێوە هەنگاو بەرەو پێكهێنانی حكومەت دەنێت، نایەوێت ئەزموونی حوكمڕانییە تاكڕەوەكەی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە".
سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت "هەوڵی ئێمە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی بەرپرسیارە بەرامبەر هاووڵاتییەكانی، حكومەتێكی دادپەروەر كە جیاوازی لەنێوان شارەكاندا نەكات و بە یەك ئاست خزمەتی هەموولایەك بكات".
بە قسەی بافڵ تاڵەبانی، ئەم قۆناغە نوێیەی هەرێمی كوردستان "جێگەی تاكڕەوی و خۆسەپێنیی تێدا نابێتەوە"، جەختیش دەكاتەوە كە "ئەوەی لە ڕابردوودا دامەزراوە حكومییەكان لەپێناو بەرژەوەندیی حزبی و كەسیدا بەكار دەهێنران، كۆتایی هات و چیتر حكومەت نابێت ئەو شوێنە بێت كە تەنیا كار بۆ بەرژەوەندیی لایەنێكی دیاریكراو بكات".
"حكومەتی ئەمجارە هی خەڵكە و هەر دەبێت بۆ خەڵكیش بێت، هەموو هەوڵێكیش لە دەرەوەی ئەو ئیرادەیە، شكست دەهێنێت و یەكێتی ڕێگەی پێ نادات"، سەرۆكی یەكێتی وا دەڵێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ململانێكانی ناوچەكە، سەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاند "جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە دەكەینەوە لە بەڕێوەبردنی وڵات و پاراستنی مافی هەموولایەك، وەكچۆن ئەركی هەموولایەكە بەرامبەر ململانێكانی ناوچەكە بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و نەهێڵن وڵات ببێتە گۆڕەپانی جەنگ و یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان".