پەرەگراف
لە بەغداد دەستکرا بە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ١٠ی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ دابەشکردنی مووچەو چاوەڕێیە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بەغداد دەستبکات بە ناردنی پارە تا ڕاستەوخۆ مووچە دابەش بکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ١٠ی هەرێم، ئەگەر گرفت دروست نەبێت و بەغداد بیانوو نەگرێت پێویستە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا پارەی مووچە ڕەوانە بکرێت".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ دابەشکردنی مووچەو لەگەڵ گەیشتنی پارەدا دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچە، ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێبکات و لە کەمترین ماوەدا سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەربگرن".
وەزارەتی دارایی هەرێم، دوێنێ لیستی مووچەی مانگی ١٠ی ڕادەستی بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرد.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٥٠ هەزارن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق مووچەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە لە بەرامبەر چەند مەرج و پابەندییەک لەسەر هەرێم، بەڵام بەهۆی کێشە لە لیستی مووچەو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، مووچەی هەرێم تووشی گرفت دەبێت و دوادەکەوێت.