لاهور شێخ جەنگی و عەلی باپیر کۆبوونەوەو جەخت دەکەنەوە ‘هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیزاینکراو’ بوو
پەرەگراف
لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەری گەل و عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە هەولێر کۆبوونەوەو دووپاتی دەکەنەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "ساختەکاری و دیزاینکراو" بووەو پێیانوایە ئەوە "گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان هەر بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا و هەر جارە و بە مۆدێل و رێکارێک پەنا بۆ ساختەکردنی ئیرادەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبەن".
لاهور شێخ جەنگی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ڕایگەیاند "پێکەوە بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەر و ئەو ساختەکارییە بەرفراوانەی ئەنجامدراوە و تەئکیدمان لە هەماهەنگی نێوان کۆمەڵی دادگەری و بەرەی گەل کردەوە"
"هەردولا هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی کە پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربوەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگیرێ، جەختیشمان کردەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ئۆکتۆبەر بەو هەموو ساختەکارییەوە پرسیاری جدی لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و شەرعییەت و مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە نیشتیمانییەکان هێندەی تر لاواز دەکات" سەرۆکی بەرەی گەل وادەڵێت.
کۆمەڵ ٣ کورسی و بەرەی گەل دوو کورسی بەدەست هێنا لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠ی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵ بریاری نەچوونە پەرلەمانی داوەو هێشتا بەرەی گەل و لایەنە ناڕازییەکانی دیکە نەچوونەتەپاڵ ئەو بڕیارە.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی، پارتی دیموكرات زۆرترین دەنگ و كورسیی بەدەست هێناوە، كە ژمارەی دەنگەكانی بریتییە لە 812 هەزار و 794 دەنگ و 39 كورسیی بەدەست هێناوە.
یەكێتیی نیشتمانی پلەی دووەمی لە زۆرترین دەنگ و ژمارەی كورسیدا گرتووە، كە ژمارەی دەنگەكانی 409 هەزار و 548 دەنگە و 23 كورسیی بەدەست هێناوە.
نەوەی نوێ لە پلەی سێیەمدا دێت بۆ زۆرترین دەنگ و كورسی، كە 292 هەزار و 32 دەنگ و 15 كورسیی بەدەست هێناوە.
کورسییەکانى دیکەى پەرلەمان بەمشێوەیە بۆ لایەنەکانى دیکە بوون: یەکگرتوو: 7 کورسى، هەڵوێست: 4 کورسى، کۆمەڵ: 3 کورسى، بەرەى گەل: 2 کورسى، هەریەکە لە گۆڕان و هاوپەیمانیى کوردستانیش یەکى 1 کوسییان بەدەست هێناوە.