بارزانی: تیمێكمان بۆ گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەت پێكهێناوە و ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێك نییە
پەرەگراف
مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و ئەجێندای حكومەتی داهاتوو پێكهێناوە و ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە.
ئەو وتانەی سەرۆکی پارتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق کە لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێم و دانوساندنی نێوان لایەنەكان كراوە.
بارەگای بارزانی دەڵێت "باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی بیستی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی دیموكراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، وێنەیەكی شاییستەی هەرێمی كوردستانی پێشانی هەموو لایەك دا".
هاوکات بارزانی سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كردووە، "سەرباری بوونی كۆمەڵێك كێشەی تەكنیكی بەڵام ڕۆڵی بەرچاویان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە".