حەوت حیزب داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن

04-11-2024 04:09

پەرەگراف

حەوت حیزب لە سلێمانی دەربارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كۆبوونەوە و ‏لەسەر پێنج خاڵ ڕێككەوتن. دیارتین داواكاریی ئەو حیزبانە ‏‏"هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و دووبارەكردنەوەیەتی". سەبارەت ‏بە هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنیش لە داهاتوودا، داوای گۆڕانكارییەك دەكەن.‏

دەزگا و مەكتەبی هەڵبژاردنی هەریەكە لە لایەنەكانی (كۆمەڵی دادگەری، ‏ڕەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل، یەكگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان، ‏بزووتنەوەی ئیسلامی و پەیوەنديی ئیسلامی) لە بارەگای ئەنجوومەنی ‏سیاسیی كۆمەڵی دادگەری لە سلێمانی كۆبوونەوە.‏

پاش كۆبوونەوەكە ئەو لایەنانە جەختیان كردەوە كە "ساختەكاریی گەورە" ‏ئەنجام دراوە و لە تانەكانیاندا بەڵگەیان بۆ ئەوە خستووەتە ڕوو. هەروەها ‏ڕایانگەیاند كە لەسەر پێنج خاڵ ڕێككەوتوون:‏

حەوت لایەنەكە لەسەر ئەم پێنج خاڵە ڕێككەوتن:‏

1-‏ ئێمە ئەم لایەنانە ڕایدەگەیەنین كە لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاری ‏كراوە و ئەوەی كە ئێستا هەیە گوزارشت لە دەنگ و ئیرادەی ‏دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان ناكات.‏
2-‏ هەموومان تانەمان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان داوە و چاوەڕوانیمان ‏لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان هەیە بە جیددی بەدوای ‏تانەكاندا بچێت و ڕێڕەویی یاساییان بۆ بگرێتە بەر.‏
3-‏ هەماهەنگیمان بۆ سەرجەم پرسەكانی بواری هەڵبژاردن بەردەوام ‏دەبێت.‏
4-‏ ئەو ساختەكارییەی كراوە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنییە، بۆیە ‏داوا دەكەین گۆڕانكاری لە سیستمی هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنیدا بكرێت، ‏بە جۆرێك كە ئامێری پیكۆس لەسەر سندووقەكان لاببرێت و ‏دەنگدەران كارتی دەنگدانەكانیان بە دەستی بخەنە ناو سندووقەكەوە، ‏بەمەش كۆمیسیۆن دڵنیایی بدات بە دەنگدەران كە ئەو دەنگەی ‏دەیخاتە ناو سندووق گۆڕانكاریی بەسەردا نایەت.‏
5-‏ داواكارین لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بە فەرمی ئەم ‏هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە و ئەنجامەكانی ‏پەسەند نەكات، دووبارە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام ‏بدرێتەوە.‏