پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی دیدگای یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئاشکرا دەکات و دەڵێت: یەکێتیی هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی بەرپرسیار لەبەردەم خەڵكی كوردستان كە دادگەرانە و بە شێوازێكی هاوسەنگ لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە كار بكات.
جێگری سەرۆكوەزیران لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق کۆبووەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەلەكردن لەو پڕۆسەیە و پێشگرتن لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراوی ناوچەیی و هەرێمایەتی.
قوباد تاڵەبانی دەڵێت: یەكێتی دیدگایەكی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت و كراوەشە بەڕووی هەموو ئەوانەی لەو دیدگایەوە نزیكن لە پڕۆسەكەدا.
هەر ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و ئەجێندای حكومەتی داهاتوو پێكهێناوە و ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە.
پارتی و یەکێتی براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکەی 20ی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی کوردستانن.
پارتی دیموكرات زۆرترین دەنگ و كورسیی بەدەست هێناوە، بە كۆی گشتی لە هەر چوار پارێزگاكە 812 هەزار و 794 دەنگی بەدەست هێناوە کە زیاتر لە 43%ـی كۆی دەنگە دروستەكانی هەڵبژاردنەکەیەو 39 کورسیی هەیە لە خولی نوێی پەرلەمان.
یەكێتیی نیشتمانی دووەم براوەی هەڵبژاردنەو بە كۆی گشتی لە هەر چوار پارێزگاكە 409 هەزار و 548 دەنگی بەدەست هێناوە کە نزیكەی 22%ـی كۆی دەنگە دروستەكانی هەڵبژاردنە، ژمارەی كورسییەكانی دوو كورسی زیادی كردووە و لە 21ـەوە بووە بە 23 کورسی پەرلەمان.