چی لە نێوان بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ هەیە دەربارەی پارێزگاری كەركوك؟

20-05-2019 07:37


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

هیچ ڕێككەوتنێكی نووسراو لە نێوان مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵدا نییە دەربارەی چارەسەری دۆخی كەركوك‌، بە زارەكییش بارزانی بەڵێنی نەداوە پۆستی پارێزگاری ئەوشارە بۆ یەكێتی بێت، بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵا بۆ پەرەگراف.

ئەو سەرچاوەیە كە ئاگاداری وردەكاریی گفتوگۆكانی نێوان بارزانی‌و كۆسرەت ڕٍەسوڵە، ناوی ناهێنرێت لەبەرئەوەی ڕێگەپێدراو نییە لەو بارەیەوە قسە بۆ ڕاگەیاندن بكات، دەڵێت "هیچ ڕێككەوتنێكی نووسراو نییە لە نێوان بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ بۆ چارەسەری پرسی كەركوك‌و دانانی پارێزگار، تەنها بە زارەكیی قسەیان لێكردووەو بارزانی نەیگوتووە ئەو پۆستە بۆ یەكێتی دەبێت، گوتویەتی ڕەچاوی خواستی یەكێتی دەكرێت لە دانانی پارێزگار، ئەمەش بەو مانایەیە كە دەكرێت كەسێكی بێلایەن بكرێتە پارێزگار، بەڵام یەكێتی ڕەزامەندبێت لەسەری".

چارەسەری دۆخی كەركوك‌و دانانی پارێزگار هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، لەناو یەكێتی سەریهەڵداوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا كۆسرەت ڕەسوڵ پەیامێكی بۆ مەسعود بارزانی ناردووە، سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی "بارزانی لە وەڵامدا گوتویەتی دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكەوە وەفدێك دەنێرنە بەغدادو چارەسەری ئەو پرسە دەكەن. ئێستا نیگەرانیی یەكێتی ئەوەیە بارزانی كاتی دیاریی نەكردووەو دیار نییە دوای پێكهێنانی حكومەت مەبەستی هەفتەیەكە؟ مانگێكە؟ سێ مانگە یان چەندەیە؟"

لەبارەی ئەوەی بۆچی بارزانی گوتویەتی وەفد دەنێرنە بەغداد لە كاتێكدا بەپێی یاسا ئەگەر ئەندامەكانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بگەڕێنەوەسەر كارەكانیان، ئەنجومەنەكە دەتوانێت پارێزگار هەڵبژێرێت؟ لە وەڵامدا سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی "ڕاستە ڕێگا یاساییەكەی بەوجۆرەیە، بەڵام ئەو پرسە پەیوەندیی بە بەغدادو تەنانەت وڵاتانی ئیقلیمیشیەوە هەیەو دانانی پارێزگار بۆ كەركوك تەنها نەبەستراوە بە پارتییەوە، یەكێتیش بەتایبەت كاك كۆسرەت لەمە تێگەیشتووە".

لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 پارتی نەگەڕاوەتەوە بۆ كەركوك‌و داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنیی‌و چوونەدەرەوەی هێزە چەكدارە عێراقییەكان دەكات لە شارەكە. بەڵام پارتی 13ی ئەم مانگە ڕۆڵی سەرەكیی هەبوو لە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ موسڵ‌و جێگری پارێزگاری بۆخۆی بردەوە، ئەوەش پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكی لای بەرپرسانی یەكێتی گەرمكردەوە.

پرسی كەركوك بەتایبەت لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم گرێكوێرەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بوو، یەكێتی سووربوو لەسەر ئەوەی بە یەك پاكێج گفتوگۆ لەسەر هەرسێ‌ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی بەغداد دەكات، بەڵام پارتی ئەوەی ڕەتكردەوە‌و پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی بە پاكێجێكی سەربەخۆ دادەنا.

پارتی بۆچوونی وابوو كە پۆستی پارێزگاری كەركووك و پۆستەكانی بەغدا پاش پێكهێنانی حكومەت یەكلایی بكرێنەوە. ئەم ڕاجیاییە وای كرد بۆ ماوەیەك گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت ڕابگیرێن‌و دواجار بەوجۆرە یەكلایی بووەوە كە پارتی دەیویست.

پاش سەردانێكی كۆسرەت ڕەسوڵ بۆ لای مەسعود بارزانی، كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەستی پێ كردەوەو هەردوولا ڕایانگەیاند، لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون یەكلاییكردنەوەی پرسی پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی بەغدا بدرێتە دەست مەسعود بارزانی و كۆسرەت ڕەسوڵ، بەڵام تا ئێستا هیچ كام لەو دوو لایەنە ڕێككەوتنێكی ئاشكراو ڕاگەیەندراویان لەوباریەوە نییەو بە فەرمی زانیارییان لەبارەی میكانیزمی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە نەخستووەتە ڕوو.

بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم پرسە، 17ی ئەم مانگە پەرەگراف پەیوەندیی بە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمیی یەكێتی كرد، ئەو تەنها جەختی لە چارەسەركردنی پرسی كەركوك و بەغدا لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كردەوە بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر ئاشكرا بكات.

پەرەگراف پرسیاری ئەوەی ئاڕاستەی وتەبێژەكەی یەكێتی كرد كە ئایا بارزانی سەبارەت بە پۆستەكانی پارێزگاری كەركوك و بەغدا چیی بە یەكێتی وتووە؟ بەڵام وتەبێژی یەكێتی ئامادە نەبوو هیچ شتێك لەوبارەیەوە بڵێت، وتی "لە پاش كۆبوونەوەكەی 14ی ئایار هەموو شتێكم وتووە".

ڕۆژی 14ی ئایار، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ تاووتوێكردنی سیڤیی كاندیدەكانی حیزبەكە بۆ پۆستەكانی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كۆبووەوە. پاش كۆبوونەوەكە لەتیف شێخ عومەر لەگەڵ دووپاتكردنەوەی پابەندیی حیزبەكەی بە ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ پارتی، بە میدیاكانیشی ڕایگەیاند "یەكێتی چاوەڕوانە لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، پرسی كەركوك و بەغدا چارەسەر بكرێن، وەك ئەوەی لە ڕێكەوتنی نێوان بەڕێزان كاك كۆسرەت ڕەسوڵ و كاك مەسعود بارزانیدا هاتووە".

لە وەڵامی ئەوەی ئایا یەكێتی پێش یەكلاییكردنەوەی پرسی پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی بەغداد، ئامادەیە بچێتە حكومەتی هەرێمەوە؟ وتەبێژی یەكێتی بۆ پەرەگراف جەختی لەوە كردەوە، یەكلاكردنەوەی پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی بەغدا لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، بۆچوونی تەواوی یەكێتییەو هیچ شتێكی دیكەیان لەوبارەیەوە نییە.

هاوكات سەرچاوە باڵاكەی پەرەگراف پێیوایە، نیگەرانییەكەی ئێستای یەكێتی دەربارەی وەڵامەكەی بارزانی‌و چارەسەری دۆخی كەركوك، "بایی ئەوە نییە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی بۆ پەكبخرێت، بەتایبەت لای كاك كۆسرەتەوە".

ئەوەی ئێستا لەنێوان پارتی‌و یەكێتی یەكلایی بووەتەوە دەربارەی پارێزگاری كەركوك ئەوەیە، پارتی كاندیدی نابێت بۆ ئەو پۆستەو ڕازییە یەكێتی كەسێك كاندید بكات، بەڵام پارتی پێی باشە ئەوكەسەی یەكێتی كاندیدی دەكات بێلایەن بێت یاخود یەكێتییەك بێت كە پارتی پەسەندی بكات، پارتی هەموو كەسێكی یەكێتی پەسەند ناكات بۆئەو پۆستە، هەرئەوەش وایكردووە تائێستا ئەو پرسە یەكلایی نەبێتەوە.

پارتی لەناو لیستی برایەتیدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زۆرینەیەو ئەنجومەنەكە بەبێ ئەو حیزبە توانای كۆبوونەوەی نییە، لەبەرئەوەی عەرەب‌و توركمانەكان لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبوون، ئەوەش وایكردووە چەند هەوڵێكی یەكێتی شكستبهێنێت بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەن‌و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ.

لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوە بۆ تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان، لە دەستدانی ئەو ناوچانە كوردی خستە دۆخێكی لاوازەوە كە لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا قۆناغی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.

پارتی گەڕانەوەی هێزەكانی عێراقی بۆ كەركوك بە "خیانەت"ی گروپێكی ناو یەكێتی لە قەڵەمدا. لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، نەجمەدین كەریم كە هێشتا خۆی وەك پارێزگاری شەرعیی كەركوك لە قەڵەم دەدات، شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوەدەبات، كورد نیگەران‌و ناڕازییە لە مامەڵەی ڕاكان جبوری، بەڵام لەناو خۆیدا یەكگرتوو نییە بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ.