عەلی حەمەساڵح بۆچی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەبێت؟

29-08-2020 07:42
عەلی حەمەساڵح

پەرەگراف

عەلی حەمەساڵح بە نیگەرانییەوەو لەبەر چوار هۆكاری سەرەكی، دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كێشایەوە، دوای نەمانی لەو پۆستەش وەك ئەندام نامێنێت لە جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەكە كە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانی گۆڕانە.

دەست لەكاركێشانەوەكەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەكاتێكدایە فشارو ڕەخنەیەكی زۆر لەسەر ئەو بزووتنەوەیە هەیە لە ناوخۆو دەرەوەی بزووتنەوەكە، ئەوەش زیاتر بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی هەرێم‌و دەرنەكەوتنی كاریگەریی پڕۆسەی چاكسازیی كە گۆڕان دەڵێت لەو پێناوەدا بەشدارە لە كابینەكەی مەسرور بارزانی.

عەلی حەمەساڵح چەند ڕۆژێكە نامەی دەست لەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی گۆڕان كردووەو هێشتا بزووتنەوەكە بڕیاری لەبارەوە نەداوە، سەرچاوەیەكی باڵا لە گۆڕان كە ئاگاداری وردەكارییەكانە بۆ پەرەگراف وتی "شێوازی بەشداریی گۆڕان لە حكومەت، شێوازی بەڕێوەبردنی گۆڕان، بێدەسەڵاتیی تیمی وەزاریی گۆڕان لە ڕێگریی لە گەندەڵی و دزیی لەگەڵ ئەو داوایەی لەلایەن گۆڕانەوە لێی كراوە بۆ كشانەوەی ئەو واژۆیەی كردوویەتی بۆ پرساندنی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی، لە هۆكارە سەرەكییەكان بوون كە عەلی حەمەساڵح نامەی دەست لەكار كێشانەوەی لە پۆستەكەی ئاڕاستەی گۆڕان كردووە".

عەلی حەمەساڵح یەكێكە لەو 24 پەرلەمانتارەی 18ی ئەم مانگە واژۆی نووسراوێكیان كردووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بە مەبەستی دانیشتنێكی تایبەت بۆ پرساندنی مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی‌و ئاوات شێخ جەناب لەبارەی بڕیاری دووبارە لێبڕینی مووچە. بەرپرسانی گۆڕان داوایان لە عەلی حەمەساڵح كردووە واژۆكەی بكشێنێتەوە بەوپێیەی ئەو سەرۆكی فراكسیۆنەو نوێنەرایەتی بزووتنەوەكە دەكات.

"داواكارییەكە بە ڕادەیەك نەبووە ببێتە فشارو لە كاردانەوەی ئەوەدا عەلی دەست لەكار بكێشێتەوە، ئەو ماوەیەكە نیگەرانە‌و سەرنج‌و تێبینی هەیەو لە كۆبوونەوە ناوخۆییەكانی گۆڕانیشدا باسی كردوون، پێموانییە هیچ داواكارییەكیش قبوڵ بكات بۆ كشاندنەوەی نامەی دەست لەكاركێشانەوەكەی" سەرچاوە باڵاكە وای وت.

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان 12 پەرلەمانتاری هەیە، بەپێی پەیڕەوێكی ناوخۆ كە بۆخۆیانیان داناوە، عەلی حەمەساڵح بۆی هەبووە تا ڕێكەوتی 6-11-2020 وەك سەرۆكی فراكسیۆن بمێنێتەوە، ئێستا كە دەستی لەكار كێشاوەتەوە، دوای پەسەندكردنی لەلایەن گۆڕانەوە، فراكسیۆنەكە سەرۆكێكی نوێ بۆخۆی هەڵدەبژێرێت.

بەرپرسێكی دیكەی  باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی "بڕیارە بە دەنگدان لەناو خۆیاندا سەرۆكێك هەڵبژێرن، هەرچەندە تائێستا كەس بە فەرمی باسی خۆكاندید كردنی نەكردووە، چونكە دەست لەكار كێشانەوەكەی عەلی پەسەند نەكراوە، بەڵام دابان محەمەد، شاخەوان ڕەئوف بەگ‌و بەڵێن ئیسماعیل خواستیان هەیە ببنە سەرۆكی فراكسیۆن".

لە وەڵامی ئەوەی كێ چانسی زیاترە ئەو پۆستە وەربگرێت؟ ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان كە زانیاریی وردی هەیە وتی "تائێستا دابان چانسی لە هەموویان زیاترەو ئەگەر خۆی كاندید بكات نیوە+1ی پەرلەمانتارانی گۆڕان دەنگی پێدەدەن".

سەرۆكی نوێی فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا ڕاستەوخۆ دەبێتە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەكە كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان، ئەو جڤاتە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانە لەناو گۆڕان.