ئەو ڕۆژنامەنووسەی پاسەوانەکانی بەرپرسێکی سەربازی هێرشیان کردەسەر چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە؛ "21 تەقەڵ بە سکمەوەیە"

05-11-2024 04:48

پەرەگراف

ئەو ڕۆژنامەنووسەی پاسەوانەکانی بەرپرسێکی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە لە سنوری قەزای چەمچەماڵ  هێرشیان کردەسەری، چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوەو دەڵێت؛ "دوو کەس بوون کە چەقۆو دەمانچەیان پێبوو.. چەقۆیان لە سکمداو 21 تەقەڵ بە سکمەوەیە".

وریا عەبدولخالق پەیامنێری بوارنیوزە لە چەمچەماڵ و لە ماڵی خۆی لە گوندی قەشقە هێرشی کراوەتەسەر، میدیاکەی دەڵێت "هەوڵی کوشتن بووەو لە مردن گەڕاوەتەوە".

وریا عەبدولخالق لەبارەی ڕووداوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت "هەواڵێکی ئاساییمان بڵاوکردەوە لەسەر ڕاگرتنی پڕۆژەی گوندێکی گەرمیان کە بەهای 600 ملیۆن دینارەو ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشت ڕاگرتنییەوەیەتی.

دەکرا ئەفسەرەکە سکاڵای یاسایی تۆمار بکردایە، بەڵام بەداخەوە دوێنێ دوو کەس هاتنە ماڵەکەم لە بانی مەقان و هەوڵیاندا بە دەمانچەو چەقۆ بمکوژن، چەقۆیەک لە سکم دراوە 21 تەقەڵە، بە دەمانچە سەرم بریندار کراوە".

ئەو ڕۆژنامەنووسە وتیشی "پێشتر هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردبووم، وا هاتبوون ئاشتەوایی بکەین و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەنەوە بۆیە لە ماڵی خۆم پێشوازیم لێ کردن و تەسەورم نەدەکرد بۆ ئەوکارە بێن، هەردووکیان دەمانچەو چەقۆیان پێبوو".