حكومەتی عێراق پێشنیازێكی بۆ زیادكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم پەسەند كرد
پەرەگراف
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازێكی "گرنگ"ـی بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم پەسەند كرد، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 16 دۆلار زیاد دەكرێت.
تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت هۆكارێكی سەرەكیی دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە، بەوپێیەی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم داوای ئەو بڕە پارەیە دەكەن كە بەپێی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆیان دیاری كراوە و 26 دۆلارە، بەڵام حكومەتی عێراق ئەوە ڕەت دەكاتەوە.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پێشنیارێكی بۆ هەمواركردنەوەی ماددەی (١٢/دووەم/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵە ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٣ پەسەند كرد".
دەشڵێت "بەپێی ئەم هەموارە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەكانی بودجە، بڕی ١٦ دۆلار خەرج دەكات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم، كە بڕەكەی لە یاسای بودجە بە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دیاری كراوە".
مەرجی ئەو پێشنیازە ئەوەیە كە نەوتەكە "لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ـەوە هەناردە بكرێت، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەكاری بهێنێت، ئەوەش پشتبەست بە بڕگەكانی (أ) و (ب)ی مادەی ١٢ی یاسای بودجە".
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دەڵێت "هەر بەپێی هەموارەكە، لە سەرەتادا بڕی ئەو ١٦ دۆلارە بۆ تێچووی بەرمیلێك وەك پێشینە ئەژمار دەكرێت، تا ئەوكاتەی لەلایەن دەزگایەكی ڕاوێژكاریی تەكنیكیی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە (كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بە ڕێكەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەستنیشان دەكرێت) خەمڵاندنێكی دادپەروەرانە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر كێڵگەیەكی نەوتی هەرێم بە جیا دەكات، لە ماوەی (٦٠) ڕۆژدا لە بەركاربوونی هەمواری یاساكە".
د. نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوە كردووە "لە یاسای بودجەدا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت بە تێكڕا بۆ نەوتی عێراق و هەرێم بە ٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كراوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان سروشتی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم و عێراق جگە لە جیاوازی نیوان گرێبەستە نەوتییەكانی هەردوولا".
ئەو پەرلەمانتارە ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە "هەنگاوێكی گرنگ" بۆ چارەسەركردنی یەكێك لە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ناو دەبات، "تا ئەوكاتەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵ دەردەكرێت، پشتبەست بە مادەی ١١٢ی دەستوور".