پەرەگراف
بەپێى ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدى کۆمارییەکان، بە جیاوازییەکى زۆرى ئەندامەکانى (کۆمەڵەى هەڵبژاردن) لە پێش کامالا هاریس، کاندیدى دیموکراتەکانەوەیە و بە تەواوى نزیکە لە یەکلاکردنەوەى کورسیى سەرۆکایەتیى ئەمریکا بۆ خۆى.
تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ ٢٦٧ ئەندامى کۆمەڵەى هەڵبژاردنى لە بەرژەوەندیى خۆى یەکلا کردووەتەوە، بەڵام کامالا هاریس ٢١٤ ئەندامى بردووەتەوە، بەو شێوەیەش ترەمپ پێویستى بە بردنەوەى تەنیا ٣ ئەندامى دیکە هەیە بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستەکە بۆ خۆى، بەڵام هاریس ٥٦ ئەندامى دیکەى پێویستە.
لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکادا، سەرۆک ڕاستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانەوە هەڵنابژێردرێت، بەڵکو دەنگدەران کۆمەڵێک کەس هەڵدەبژێرن کە پێیان دەوترێت (کۆمەڵەى هەڵبژاردن)، دواتر ئەو کۆمەڵەیە سەرۆک هەڵدەبژێرێت.
ئەو کۆمەڵەیە لە ٥٣٨ ئەندام پێک دێت و بەپێى ژمارەى دانیشتوان بەسەر ویلایەتەکانى ئەمریکادا دابەش کراون. هەر کاندیدێک بۆ بردنەوەى کورسیى سەرۆکایەتى، دەبێت دەنگى ٢٧٠ ئەندامى کۆمەڵەکە بەدەست بهێنێت.
هەر بەپێى شێوازى هەڵبژاردنى ئەمریکا، هەر کاندیدێک زۆرترین دەنگى ویلایەتێک بباتەوە ئەگەر بە جیاوازیى یەک دەنگیش بێت، سەرجەم ئەندامەکانى ئەو یلایەتە بۆ ئەو دەبێت.
بەپێى ئەنجامەکان کە پەرەگراف لە ئاژانسى هەواڵى ئەسۆشیەتید پرێس وەرى گرتووە، تا ئێستا ترەمپ زیاتر لە ٦٨ ملیۆن دەنگى بەدەست هێناوە کە دەکاتە ٥١.٢%ـى دەنگەکان، کامالا هاریس زیاتر لە ٦٣ ملیۆن دەنگى بەدەست هێناوە کە دەکاتە ٤٧.٤%ـى دەنگەکان.