هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی سەرکەوتن لە ترەمپ دەکات و چاوی لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانە
پەرەگراف
سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامی پرۆزباییان ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، خواستی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەنەوە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراو و جەی دی ڤانس دەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردن. چاوم لە کارکردنی پێکەوەییە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئەمەریکا".
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە ترەمپ کردو دەڵێت "چاوم لە قووڵکردنەوەی هاوبەشییە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، هەروەها پێکەوە کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا".
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی وڵاتەکەی راگەیاندو لە وتارێکدا وتی " هەموو شتێکی وڵاتەکەمان چاکدەکەینەوە. مێژوومان تۆمار کرد و بەسەر بەربەستەکاندا سەرکەوتین و دەستکەوتێکی سیاسیی نایابمان بەدەستهێنا."