پەرەگراف
بەر لە ڕاگەیاندنى ئەنجامى فەرمیى کۆتایى هەڵبژاردن، سەرۆک و سەرکردەکانى جیهان بە هەرێمى کوردستانیشەوە پیرۆزبایى سەرکەوتنە مێژوییەکە لە دۆناڵد ترەمپ، کاندیدى کۆمارییەکان دەکەن، کە بەپێى ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردن کورسیى سەرۆکایەتیى ئەمریکاى مسۆگەر کردووە.
سەرکردەکانى جیهان گەڕانەوەى ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیى ئەمریکا بە "سەرکەوتنى مێژوویى، مژدەى سەرەتایەکى نوێ" وەسف دەکەن و چاوەڕوانى "بەهێزکردنى پەیوەندییەکان و کارى پێکەوەیى" لێ دەکەن بۆ بەرقەرارکردنى "ئاشتى و دادپەروەرى".
لە هەرێمى کوردستانەوە هەریەک لە سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەتى هەرێم پیرۆزباییان ئاراستەى ترەمپ کرد.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "چاوم لە کارکردنی پێکەوەییە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان". مەسرور بارزانییش دەڵێت "چاوم لە پێکەوە کارکردنە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا".
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەیرانى بەریتانیا، لە پەیامى پیرۆزباییکردنیدا، سەرکەوتنى ترەمپى بە مێژوویى وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئامادەى کارکردن و هاوکارییە لەگەڵى.
ستارمەر دەڵێت "وەکوو نزیکترین هاوپەیمانەکان، ئێمە شانبەشانى یەکدى بەرگرى لە بەها هاوبەشەکانمان دەکەین".
بینیامیىن ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل، لە وەسفى سەرکەوتنى ترەمپدا دەڵێت "پیرۆزبایى بەبۆنەى گەورەترین گەڕانەوەى مێژوویى! گەڕانەوەى مێژوویى ئێوە بۆ کۆشکى سپى، مژدەى سەرەتاییەکى نوێ بۆ ئەمریکا دەدات، پابەندییەکى بەهێزە بە هاوپەیمانیى گەورەى نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا".
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆمارى فەرەنسا، کە یەکێک بوو لەو سەرکردانەى هەر زوو پیرۆزبایى لە ترەمپ کرد، "هاوشێوەى ڕابردوو"، ئامادەیى نیشان داوە بۆ "کارکردنى پێکەوەیى".
هەروەها ڤلۆدیمێر زیلینسکى، سەرۆکى ئۆکرانیا، لە پەیامى پیرۆزبایى بۆ ترەمپدا، هیواى خواستووە کە بەڵێنى ترەمپ بۆ چەسپاندنى "ئاشتى لە ڕێگەى هێزەوە" بێتە دى و "ئاشتیى دادپەروەرانە" بچەسپێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیامى پیرۆزباییەکەیدا دۆناڵد ترەمپی بە "دۆست"ـی خۆی ناوبردووە دەڵێت "لەم سەردەمە نوێیەیەدا کە بە هەڵبژاردەی خەڵکی ئەمریکا دەست پێ دەکات، هیواخوازم پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا بەهێز ببن".
ئەردۆغان هیواخوازە کە ترەمپ هاوکار بێت بۆ کۆتاییهێنان بە هەردوو جەنگی غەززە و ئۆکرانیا.