ملیۆنان لاپەڕە بەڵگەنامە‌و نهێنیی حیزبی بەعس گەڕێندرانەوە بۆ بەغداد

01-09-2020 04:30
كەنعان مەكییە لەناو ئەرشیفەكانی حیزبی بەعسدا.

پەرەگراف

فڕۆكەیەكی ئەمریكی بە ملیۆنان لاپەڕە بەڵگەنامەوە ڕۆژی دووشەممە لە فڕۆكەخانەی بەغداد نیشتەوە، بەڵگەنامەكان مێژووی قۆناغێكی سیاسی‌و حكومڕانیی عێراق ڕوون دەكەنەوە كە سەردەمی حیزبی بەعسی لەناوچووە.

دوای ئەوەی ئەمریكا لە 2003 بەعسی ڕووخاند، یەكێك لەو بابەتانەی حیزب‌و لایەنە سیاسییەكان‌و توێژەران بەدوایەوە بوون، ئەرشیفی حیزبی بەعسی دەسەڵاتداربوو، لەو كاتەی خەڵك خەریكی تاڵانكردنی دامودەزگاكان بوون، كەنعان مەكییە نووسەر‌و لێكۆڵەری دیاری عێراقیی لەگەڵ مستەفا كازمی(سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق) وەك دوو چالاكوانی مافی مرۆڤ بە دوای ئەرشیفەكاندا دەگەڕان.

ئەو دوو چالاكوانە ژمارەیەكی زۆر بەڵگەنامەی حیزبی بەعس دەدۆزنەوە، ساڵی 2003 بەڵگەنامەكان دەبەنە ماڵی مەكییە لە بەغداد، لەگەڵ ژمارەیەك خۆبەخش ماوەی دوو ساڵ بە نهێنیی كاریان لەسەر دەكەن بە مەبەستی پاراستن‌و ئەرشیف كردنیان، دواتر مەترسیی گروپە چەكدارەكان‌و حیزبەكان‌و پاشماوەكانی بەعس نزیك دەبنەوە لە كارەكەیان، ئەوانیش پەنا بۆ ئەمریكییەكان دەبەن.

دوای گفتوگۆ كردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا، لە 2005دا ئەرشیفەكان بەرەو ئەمریكا دەگوازرێنەوە، ئێستاو دوای 15 ساڵ، زیاتر لە 6 ملیۆن لاپەڕەی ئەرشیفی حیزبی بەعس گەڕێندرانەوە بۆ بەغدادو لەژێر دەستی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقدان.

چاوەڕوان كراوە بەشێك لەو بەڵگەنامانە پەیوەندییان بە كوردەوە هەبێت، چونكە كاتێك بەعس ڕووخا، حیزبە كوردییەكان‌و هەندێك لە دەزگا ڕاگەیاندنە كوردییەكان، بەشێك لە بەڵگەنامەكانی بەعسیان دەستكەوت كە تایبەت بوون بە كوردو ئەو كوردانەی لەناو شۆڕشدا پەیوەندییان لەگەڵ بەعس هەبووە، لەو سەروەختەدا هەندێك لە بەڵگەنامەكان لە ڕۆژنامە كوردییەكاندا بڵاوكرانەوە، بەجۆرێك خرانەڕوو و لەناو خەڵكدا بڵاوبووەوە كە ئەو كەسانە تێوەگلاون لە سیخوڕیی كردن بۆ بەعس‌و لەناو خەڵكدا بە "فایلدارەكان" ناسران، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێكی یاسایی لە بەرامبەریان ئەنجام نەدرا.

ئەرشیفەكان لە بەغداد لە شوێنێكی نهێنی‌و لە ژێر قوفڵ‌و كلیلدا هەڵگیراون، تا دووربن لە دەستی گروپە چەكدارەكان‌و لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەت ئەوانەی نزیكن لە ئێرانەوە، بەو پێیەی قۆناغێكی گرنگ‌و سەردەمی حوكم‌و دەسەڵاتدارێتیی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو ڕوون دەكەنەوە.

بەڵگەنامەكان سەرەتا بۆ شاری ڤێرجینیای ئەمریكا گوازرانەوەو لەژێر چاودێریی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكادا دەستكراوە بە سكان كردن‌و دیجیتاڵ كردنیان بەمەبەستی پاراستنیان، دواتر ڕادەستی دامەزراوەی هۆڤەری كراون كە سەربە زانكۆی ستانفۆردە لە كالیفۆرنیا، لەوێ سەرجەم كاغەزی بەڵگەنامەكان سكان كراون‌و بە شێوەیەكی دیجیتاڵی وێنەیان لێ هەڵگیراوە.

ئەمریكا لە ساڵی 2013 دا، ژمارەیەك بەڵگەنامەی بۆ عێراق گەڕاندەوە، بەڵام ئەوكارە ڕوبەڕوی ڕەخنەو سەنج بووەوە بەتایبەت لەلایەن توێژەرانەوەو مەترسیی ئەوە پیشاندرا لەلایەن نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراقەوە بەكاربهێنرێن بۆ لێدان لە نەیارە سیاسییەكانی.

ئێستا كە ئەمریكا ئەو ملیۆنان لاپەڕە بەڵگەنامەیەی ڕادەستی حكومەتەكەی مستەفا كازمی كردووەتەوە، جۆرێك لە متمانەو دڵنیاییە لە ئیدارەی واشنتۆنەوە بۆ كازمی كە لە ناوەڕاستی مانگی 5ی ئەمساڵەوە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقی وەرگرتووە.