پەرەگراف
سێ دەستگیرکراوى کورد کە دوانیان خەڵکى سەردەشت و یەکێکیان خەڵکی سلێمانین، بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" و بەشداریکردن لە "تیرۆرکردن"ـی موحسین فەخریزادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێران، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت "ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت و ڕەسوول ئەحمە محەممەد، هاووڵاتیی خەڵکی سلێمانیی هەرێمی کوردستان، لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا".
بەپێى زانیارییەکانى ئەو ڕێکخراوە، "ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، خەڵکی گوندی «دۆڵەگەرمە»ی سەردەشت کە کۆڵبەر بوون، لەگەڵ ڕەسوول ئەحمە محەممەد، کاسبکاری خەڵکی سلێمانیی هەرێمی کوردستان، سەرەتا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەت کردەوە، بەڵام دواتر لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار بوون ددان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن".
ڕۆژى چوارشەممە ٦-١١-٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتیی دادی ورمێ ڕایگەیاند کە لە دوو لقی دادگای ئەو شارەدا سزای لەسێدارەدان بەسەر چوار تۆمەتباری دۆسیەی کوشتنی موحسین فەخریزادەدا سەپێندراوە.
بەپێى ڕاگەیەندراوى دادی ورمێ، سێ کەسیان (کە تۆمەتبارە کوردەکانن)، تۆمەتبار بوون بە "گواستنەوەی کەلوپەل بۆ کوشتنی فەخریزادە و گەیاندنی بۆ شوێنی ڕووداوەکە و هاوکاریکردنی دەزگاى هەواڵگریى ئیسرائیل (مۆساد) ".
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت "ئەم سێ بەندکراوە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکانی دادسەرادا لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆیان بێبەش کرابوون و تەنها دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ دادگای شۆڕشی ئیسلامی مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەریان پێ درا".
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە کە کار لەسەر دۆسیەکانى پەیوەست بە مافى مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەکات، "ئەم سێ هاووڵاتییە پووشپەڕی ١٤٠٢ (نیسانی 2023) لە مەودای نێوان چەند ڕۆژێکدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ".
موحسین فەخریزادە، زاناى ئەتۆمیی ئێران، ڕۆژى 27-11-2020 لە ناوچەی (ئابسەرد)ـى نزیکى تارانى پایتەختى ئێران لە هێرشێکى چەکداریدا کوژرا. دواتر لەلایەن ئێرانەوە ئیسرائیل بە تیرۆرکردنى تۆمەتبار کرا.