پەرەگراف
هاوکارییەکەی هاوپەیمانان کە دەدرێتە پێشمەرگەکانی لیوا هاوبەشەکان، ئەمڕۆ لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من دابەشکرا بەسەر زیاتر لە ٢٦ هەزار پێشمەرگەدا کە دەکاتە زیاتر لە ٥٠%ی ئەو پێشمەرگانەی هاوکارییەکە دەیانگرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پڕۆژەی 'هەژماری من'، سوودمەندبووانی لیوا هاوبەشەکان کە لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە هاوکارییەکە وەردەگرن 26 هەزار و 650 کەسن و بەگوێرەی پارێزگاکان دابەش بوون:
هەولێر: 15 هەزار و 872 کەس
سلێمانی: 5 هەزار و 833 کەس
دهۆک: 4 هەزار و 945 کەس
هاوکارییەکان بەیانیی ئەمڕۆ نێردراون بۆ ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە سەرجەم پارێزگاکان، کە ژمارەیان 242 ئامێرە و لە 78 کابینەدا دانراون، سوودمەندبووان لە رێگەی کورتەنامەوە لە هاتنی مووچەکانیان ئاگاداردەکرێنەوە.
هێزەکانی هاوپەیمانان پێشتر مووچەی پێشمەرگەکانی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیان دابین دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی مووچەی هەرێمدا کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، هاوپەیمانان پارەکەیان نەبڕی و مانگانە وەک هاوکاریی دابەشی دەکەن و ٤٩ هەزار پێشمەرگە دەگرێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی، تا ئێستا نزیكەی ٧٠٠،٠٠٠ فەرمانبەر و مووچەخۆر لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من پڕۆسەی بەبانكیكردنیان بۆ ئەنجامدراوە، مانگی ڕابردووش نزیكەی ١٥٣ هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.
بەردەوامیی هەژماری من هاوکاتە لەگەڵئەوەی یەکێتی بە فەرمی ئەو پڕۆژەیەی ڕەت کردەوەو کارپێکردنی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە ڕاگرتووەو لە بەغداش لەسەر "ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنى (تەوتین) و سەپاندنى پرۆژەى (هەژماری من)" بەسەر مووچەخۆرانى هەرێمدا، سکاڵای یاسایی لە دادگای کەرخ تۆمار کردووە.