وردبینی لە لیستی بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی خوێندنی باڵادا دەکرێت

07-11-2024 03:57

پەرەگراف

پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بوونی "گەندەڵی" لە دامەزراندنی وانەبێژاندا، وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت کە ڕێکار دەگرنە بەر و "هەر وانەبێژێک بەڵگەی وانەبێژیی نەبێت، گرێبەستی لەگەڵ ناکرێت". هەروەها دڵنیایی دەدات کە بۆ ئەمساڵیش دەرماڵەی خوێندکاران خەرج دەکرێت.

هاوشان لەگەڵ دامەزراندنی وانەبێژانی کەرتی پەروەردە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری دا وانەبێژانی خوێندنی باڵایش بکرێن بە گرێبەست، بەڵام لەناو سۆشیال میدیا بڵاو بووەتەوە کە کەسانێک بەبێ ئەوەی وانەبێژ بووبن، خراونەتە لیستی دامەزراندنەوە، بەتایبەت لە زانکۆی ڕاپەڕین، ئەمەش کاردانەوەی فراوانی بەدوادا هاتووە.

د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ 7-11-2024، ڕایگەیاند "پێش ئەوەی هیچ شتێک لە سۆشیال میدیا بڵاو بکرێتەوە و هیچ بوترێت، بە فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵا لە 23-10-2024، لیژنەیەک بۆ وردبینی لە سەرەتاکانی وانەبێژاندا پێکهاتووە".

ناوبراو کە سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات، جەختی کردەوە "لە زاخۆوە دەستمان بە وردبینی کردووە و تا خانەقین بەردەوام دەبین. هەر کەسێک بەڵگەکانی پشتڕاستی نەکاتەوە کە وانەبێژ بووە، گرێبەستی لەگەڵ ئەنجام نادرێت".

لیژنەکە ئەمڕۆ لە زانکۆی ڕاپەڕین بوو بۆ وردبینی لە لیستی ناوی وانەبێژان و د. توانا نەجەف وتی "ئەمە تەنیا بۆ زانکۆی ڕاپەڕین نییە و بۆ سەرجەم زانکۆکانە".

فەرمانی زانکۆیی، فەرمانی کارگێڕی، لیستی شایستە داراییەکان بە واژووی وانەبێژەوە، هەروەها بوونی ناوی وانەبێژ لە خشتەی وانەبێژیدا، ئەو بەڵگانەن کە لیژنەکە بۆ گرێبەستکردن پشتی پێ دەبەستێت و دەڵێت "هەر بەڵگەیەکیان کەم بێت، داوا لە زانکۆکە دەکەین سەرەتاکانمان بۆ بنێرێت، ئینجا بڕیاری بەگرێبەستکردنی پەسەند دەکەین".

سەبارەت بە دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ڕایگەیاند، ڕێکارەکان دەستی پێ کردووە و لە بەردەستی وەزیری داراییدایە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای خەرجکردنی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دۆلاری بۆ دەرماڵەی ساڵی خوێندنی 2024-2025 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، داواکارییەکە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە بۆ خەرجکردنی.

د. توانا نەجەف دڵنیایی دا کە "وەزارەتی دارایی لاریی لەسەر خەرجکردنی پارەکە نییە و وەکوو ساڵانی ڕابردوو پاڵپشتیی دارایی بۆ خوێندکاران خەرج دەکرێت".