پەرەگراف
نەوەی نوێ ئامادەی بەشداریکردنە لە حکومەت و پرۆژەیەکی بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم ئامادە کردووە. جووڵانەوەکە بە دوو پێشنیازەوە دەچێتە دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەتەوە.
نەوەی نوێ کە گەورەترین لایەنی ئۆپۆزسیۆنە، پاش سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و زیادکردنی کورسییەکانی بۆ نزیکەی دوو هێندە، ئامادەی دانوستانە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنە براوەکانی دیکە کە پارتی و یەکێتی سەرەکیترینیانن.
میدیای نزیک لە نەوەی نوێ ناوەرۆکی پرۆژەی جووڵانەوەکەی بۆ دانوستانی بەشداری لە حکومەت ئاشکرا کرد، کە بەپێی پرۆژەکە، نەوەی نوێ لە دانوستانەکاندا دوو بژاردە دەخاتە بەردەم لایەنەکانى دیکە و بە مەرجى پێدانى یەکێکیان بەشدارى لە حکومەت دەکات.
نەوەی نوێ لە بژاردەی یەکەمیدا، داوای پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەکات، لەو حاڵەتەدا تەنیا ئەو پۆستەی دەوێت و سەرجەم پۆستەکانی دیکە لە هەرێم بە سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆکى هەرێمیشەوە بۆ لایەنی تر بن.
لە ئەگەری پێنەدانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، بژاردەى دووەمی نەوەی نوێ ئەوەیە کە سەرجەم پۆستەکانی دیکە بە (سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان و 23 وەزارەتەکەی هەرێم)یشەوە بۆ خۆى بن و تەنیا پۆستى سەرۆکوەزیرانى هەرێم بۆ لایەنێکى دیکە بێت.
پێشنیازەکانى نەوەى نوێ ڕووى لە پارتى دیموکراتە کە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنە و بۆ پێکهێنانى حکومەت ڕادەسپێردرێت، بەتایبەت پێشنیازى دووەمى نەوەى نوێ ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە تێیدا جووڵانەوەیە داواى سەرجەم پۆستەکان جگە لە سەرۆکى ئەنجوومەنى وەیران دەکات.
نەوەى نوێ جەخت دەکاتەوە کە ئامادە نییە بە پێدانى چەند وەزیرێک بەشدارى لە حکومەت بکات، بەوپێیەى ناتوانێت بەو شێوەیە "گۆڕانکارى لە حوکمڕانیدا" بکات، کە سەرۆکى نەوەى نوێ پێشتر چەند جارێک ڕایگەیاندووە ئەوە "ئامانج"ـى جووڵانەوەکەیانە.
جووڵانەوەى نەوەى نوێ لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا، ١٥ کورسیى بەدەست هێناوە و براوەى سێیەمى هەڵبژاردنە. هەریەکە لە پارتى و یەکێتى بە بەدەستهێنانى ٣٩ و ٢٣ کورسى، براوەى یەکەم و دووەمى هەڵبژاردنن و گفتوگۆى سەرەکیى پێکهێنانى حکومەت لەنێوان ئەو سێ لایەنەدا دەبێت.
براوەى چوارەمى هەڵیژاردن کە یەکگرتووى ئیسلامییە و خاوەنى حەوت کورسییە، پێشوەختە ڕایگەیاندووە کە بەشدارى لە حکومەتدا ناکات.