پەرەگراف
بانکی تی بی ئای و تیمی هەژماری من لەسەر "خێراکردنی تۆماری فەرمانبەران و گەڕاندنەوەی کارتەکانیان" ڕێککەوتن.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، ڕێککەتنەکە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان هەردوولادا بووە کە ئەمڕۆ ئەنجام دراوە. هەروەها بەپێی گرێبەستی نێوانیان، تی بی ئای دوو لقی نوێی بانکەکەی لە هەولێر و سلێمانی دەکاتەوە و دەیان ئامێری نوێی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە هەرێم دادەنێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)، "بە ڕێککەوتنێک لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە هاتە ناو پرۆژەی هەژماری من و بوو بە هەشتەمین بانکی بەشداربووی پرۆژەکە".
وەزارەتەکە دەڵێت "حکومەتی هەرێم و بانکی تی بی ئای گرێبەستێکیان واژوو کردووە بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری مندا".
"بانکی تی بی ئای دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە لەناو کابینەکانی هەژماری من لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێگیر دەکات، بەمزووانە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە 10 هەزار کارتی بانکیی تی بی ئای دەکرێت"، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.