پەرەگراف
ماوەی سێ ڕۆژە سکچوون و ڕشانەوە لە شارەزوور بڵاوبووەتەوەو زیاتر لە 2 هەزار کەس تووشبوون، بەرپرسانی تەندروستی هۆکارەکەی بۆ پیسبوونی ئاوی خواردنەوەو تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ دەگەڕێننەوە.
سەرچاوەیەک لە تەندروستی شارەزوور بە پەرەگرافی وت "زیاتر لە 2 هەزار کەس تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون، دۆخیان باشەو چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە".
نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لە شارەزوور دەڵێت "پەتاکە مەترسیدار نیەو نەخۆش بە وەرگرتنی چەند چارەسەرێکی سەرەتایی دۆخی جێگیر دەبێت و دەتوانێت بچێتەوە بۆ ماڵەوە.. ستاف و دەرمانی پێویست لەبەردەستایە و دەتوانرێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت".
نەخۆشخانەکە داوا دەکات هاوڵاتیان ڕێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن، "دەست شتن و بەکارنەهێنانی ئاوی تەنکی ماڵەکانیان بۆ خواردنەوە".
هەرلەسەر هەمان پرس، وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند "بۆچوونەکانمان راست دەرچوون کە نەخۆشییەکە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی زێراب بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لەسەر رووباری بێستانسوور بڵاوبووەتەوە".