پەرەگراف
نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر ڕایگەیاند، ئاسایشی پارتی چوار ئەندامی نوێنەرایەتییەکەی لە هەولێر دەرکردووە و بەزۆر بردوویاننەتە سنووری سلێمانی و پێیان وتوون: "بۆتان نییە پێ بخەنەوە ناو هەولێر و بڕۆنە سلێمانی".
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادیی لە سلێمانی، نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامداو ئەوکارەی ئاسایشی پارتییان ئیدانەکرد.
حیکمەت هاتیب یەکێک لە ئەندامانی نوێنەرایەتی هەدەپە کە لە هەولێر دەرکراوە، وتی "ئێمە وەک چوار ئەندامی هەدەپە لە باشووری کوردستان، لە ٦ـی ئەم مانگە، لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە بانگ کراین، فایلەکانی ئێمەیان وەرگرت، دواتر لەلایەن ٢٦ چەکدارەوە، ئێمەیان خستە ناو دوو ئۆتۆمبێلەوە و بەشێکیان لە سماقوڵی فڕێداین و بەشێکی تریان لە دێگەڵە و وتیان بڕۆن ئێوە جێگاتان لە هەولێر نابێتەوە و بچنە سلێمانی، ئێمە زۆرمان پرسی کە هۆکار چییە؟ بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەداینەوە".
"ئێمە وەک نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری کوردستان، بە فەرمی لێرەین و هیچ کێشەیەکمان نییە و پێشتریش لەگەڵ بەرپرسانی پەدەکە دانیشتووین و قسەمان کردووە، داواکارین ئەم کێشەیە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و بگەڕێینەوە بۆ هەولێر، چونکە ئێمە خێزاندارین و ژیان و کار و بژێویمان لە هەولێرە، بۆ ئەم بابەتەش بەمزوانە شاندێکی هەدەپە دێنە باشووری کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی پەدەکە لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکە" حیکمەت هاتیب وای وت.