پەرەگراف
کۆمپانیای دانەگاز کە کێڵگەی گازیی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ وەبەرهێنان دەکات ڕایگەیاند، سەرباری زیادبوونی بەرهەم هێنان لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان، بەڵام قازانجیان کەمبووەتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی گاز.
دانەگاز، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بە رێژەی 3% بەرهەمهێنان زیادی کردووە و بۆ هێندەی 38 هەزار و 200 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر گاز لەلایەن وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم.
ئەو کۆمپانیا ئیماراتییە ئەوەش دەخاتەڕوو، بەگشتی بەراورد بە 9 مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو، قازانج 11.3% کەمبووەتەوە و دابەزیوە بۆ 112 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەهۆی دابەزینی نرخی گازی پیترۆڵی شلکراو (LPG) و بەرهەمە هایدرۆکاربۆنییەکانی دیکە.
کۆمپانیاکە پلانی هەیە کارکردن لە کێڵگەیەکی دیکەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنان.
کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازیی هەرێمی کوردستانەو گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.
کێڵگەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن ھێرشی کراوەتەسەرو ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون، دواینیان ڕۆژی 26-4-2024 بوو کە بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەکەو بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست دا کە یەمەنی بوون.
عێراق چاوی لە گازی کۆرمۆرە تا پشتی پێ ببەستێت و پێویستی بە گازی ئێران نەمێنێت بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، هاوکات تورکیا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتی هەیە بە تایبەت لە پرسی نەوت و گازدا، چاوی لە گازی ئەو کێڵگەیەو ئەو دۆسیەیە بەشێک بوو لە کۆبوونەوەی سەرەتای ساڵی ڕابردووی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە.
هەر بە ئامانجی گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر و هەناردەکردنی بۆ تورکیا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی گازەکەی بۆ تورکیا دەستپێکرد، ئەوەش یەکێتی نیگەران کردو بە ئاشکرا دژی وەستایەوە.