پەرەگراف
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆ چوارەم جار سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات. سوودانی لە هەولێر و سلێمانی ژمارەیەك دۆسیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم لە سەروو هەموویانەوە پێكهێانی حكومەتی هەرێم، نەوت و مووچە تاوتوێ دەكات.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە 13-11-2024 دەگاتە هەولێر و زنجیرەیەك كۆبوونەوە ئەنجام دەدات، دواتر سەردانی سلێمانی دەكات و ژمارەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و حیزبیی ئەوێش ئەنجام دەدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەرەگراف كەوتووە، سوودانی لە سەردانەكەیدا تاوتوێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەت لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دەكات. لەوبارەیەوە پیرۆزبایی "سەركەوتن"ـی هەڵبژاردن لە بەرپرسانی هەرێم دەكات و "هانیان دەدات" بۆ پێكهێنانی حكومەت بە زوویی.
هەروەها سەرۆكوەزیرانی عێراق سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دەكات، كە دیارترینیان دۆسیەكانی مووچە و بەبانكیكردنی مووچە، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەیەتی.
گفتوگۆ دەربارەی سەرژمێریی گشتی و پێشهاتەكانی ناوچەكە، بەشێكی دیكە دەبێت لە ئەجێندای سەردانەكەی سوودانی.
سوودانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە. هێشتا دیار نییە كە سەردانی لایەنی دیكە دەكات یان نا.
محەمەد شیاع سوودانی لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە سێ جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، كە دوایین سەردانیان یەك ساڵ لەمەوبەر و لە 9-11-2023 بوو.