کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەڵامی کۆتا تانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە

11-11-2024 11:03

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق وەڵامی سەرجەم ئەو تانانە ئاڕاستەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەکات کە لایەنەکان داویانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ وەڵامی دواین تانە بۆ دەستەی دادوەریی دەنێرێت.

جومانە غلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پەرەگرافی وت "دوێنێ كۆمسیۆن ئامادەكردنی وەڵامی 12 تانەی هەڵبژاردنی تەواو كردو ئەمڕۆ وەڵامی تانەیەكی تر تەواو دەبێت و رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان دەكرێت".

پێشتر كۆمسیۆن لە كۆی 41 تانەی هەڵبژاردن وەڵامی 28 تانەی رەوانەی دەستەی دادوەریی كردبوو، كۆمسیۆن 7 رۆژی لەبەردەمدا بوو بۆ ئەوەی وەڵامی تانەكانی دەرەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بداتەوە، ئەمڕۆ كارەكانی تەواو دەبێت.

بە وەڵامدانەوەی کۆتا تانە کە ئەمڕۆ دەنێرێت بۆ دەستەی دادوەریی، هیچ تانەیەک نامێنێت وەڵام نەدرابێتەوە، بەوەش پڕۆسەکە دەکەوێتە لای دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بۆ بڕیاردان.