پەرەگراف
عەبدوڵڵا حاجى مەحموود ڕوونکردنەوەیەک لەبارەى ڕووخاندنى خانووەکەى لە گوڵەخانە بڵاو دەکاتەوە و ڕوو لە محەمەد حاجى مەحموودى براى دەڵێت "ئەم جۆرە کارانە تەنها لەم کەسانە دەوەشێتەوە کە داماڵراون لە هەموو بەهایەکى کۆمەڵایەتى و مرۆڤایەتى".
پاش ماوەیەک کپبوونەوەى کێشەکانى نێوانیان، بەیانیى ئەمڕۆ جارێکى دیکە کێشەکانى نێوان محەمەد حاجى مەحموود، سەرۆکى پارتى سۆسیال دیموکرات و عەبدوڵڵا حاجى مەحموودى براى و وەزیرى شەهیدان و ئەنفالکراون سەرى هەڵدایەوە. محەمەد حاجى مەحموود دەستى کرد بە ڕووخاندنى خانووى براکەى لە گوڵەخانە.
عەبدوڵڵا حاجى مەحموود لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت "دواى ئەوەى دەزگاکانى ئەمنیى هەڵەبجەى شەهید بۆ ماوەى (٧) مانگ لەناو ماڵەکەمدا مانەوە بەمەبەستى پاراستنى، لە ڕێکەوتى ٢٠٢٤/١١/١٠ ئاسایشى هەڵەبجە ئاگاداریان کردینەوە کە کێشە نەماوە و خانووەکەمان ڕادەست بکەنەوە".
بەڵام وەکوو عەبدوڵڵا حاجى مەحموود دەڵێت، ڕاستەوخۆ "محەمەد حاجى مەحموود و هێزەکەى، جارێکى تر خانووەکەمیان داگیر کردەوە و سەرلەبەیانى ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١١/١١ پەیوەندییان لەگەڵدا کردم کە بە ئامێرى ڕووخاندنى خانوو (دەقاق) دەستیان کردووە بە ڕووخاندنى خانووەکەم".
بەپێى ڕوونکردنەوەکە، عەبدوڵڵا حاجى مەحموود "لە دەستپێکى ڕووخاندنى خانووەکەوە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى بە فەرمى ئاگادار کردووەتەوە"، بەڵام بەپێى زانیارییەکانى پەرەگراف پرۆسەکە ڕانەگیراوە.
کێشەکانى نێوان محەمەد حاجى مەحموود و عەبدوڵڵا حاجى مەحموودى براى، سەرەتا لەسەر پلە و پۆست لەناو حیزبەکەیان کە پارتى سۆسیال دیموکراتە، سەرى هەڵدا. دواتر سەرى کێشا بۆ دوورخستنەوەى عەبدوڵڵا حاجى مەحموود لە پارتەکە و پاشان پێکدادانى چەکدارى، کە تێیدا کەسێک کوژرا.
دەقى ڕوونکردنەوەکەى عەبدوڵڵا حاجى محموود
بەناوى خواى گەورەى میهرەبان
جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان
حزب و لایەنە سیاسییەکان
بە پێویستمان زانى ئەم ڕونکردنەوەیە بڵاو بکەینەوە بۆ ئەوەى هیچ کەس و لایەنێک بە لاڕێدا نەبرێت.
لە مانگى ٣ى ٢٠٢٤ بەهۆى پاوانخوازى و بیر و ڕاى جیاواز لە نێو ڕیزەکانى پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان کێشە و گیر و گرفت سەریهەڵدا و حزب بووە بە دووبەشەوە، دواى ئەوە محمدى حاجى محمود سەرۆکى پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان هێزى ناردە سەر ماڵەکەم لە گوندى گوڵەخانە و بۆ ماوەیەکى زۆر ئەو هێزەى لە چوار دەورى ماڵەکەم جێگیر کرد.
دواى گرتنەبەرى هەموو ڕێگایەک هەوڵەکان هیچ سوودێکى نەبوو، بۆیە ڕێکارى یاساییمان گرتەبەر لە دادگاى هەڵەبجە کە فەرمانى دادگا هەیە لەو بارەیەوە بەرانبەریان وە فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو، دواجار لە ڕێکەوتى ٢٠٢٤/٤/٤ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بە ناوى کۆنگرە بە فەرمى لەیەک دابڕاین و بوین بە دووبەشەوە، ئێمە لایى خۆمانەوە وەکو کارى ڕێکخراوەیى و سیاسى بە ئاسایی وەرمانگرت.
دواتر لایەنى ئەمنى خانوەکەیان ڕادەستکردینەوە و لە رێکەوتی ٢٠٢٤/٤/٤ ئێمەش چەند پاسەوانێکمان دانا و کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیمان بەست لەگەڵ هەڤاڵەکانمان بڕیارماندا بزووتنەوەیەکى سیاسى دابمەزرێنین، بۆ جارى دووەم لە ئێوارەى هەمان ڕۆژی مانگى ڕەمەزانى پیرۆز لە رێکەوتی ٢٠٢٤/٤/٤ هێزێکى زۆر کە نزیکى ٣٠٠کەس بوون هەڵیان کوتایە سەرماڵەکەم و دواى بەکارهێنانى چەکى قورس کەسێک کوژرا و کوڕەکەم و چەند پاسەوانێکم برینداربوون، بەڵام ئێمە ڕێکارى یاساییمان گرتەبەر وەپاش چوار مانگ لێکۆڵینەوە دەرکەوت پاسەوانەکانم بێتاوان بوون.
بەڵام هیچ رێکارێکى یاسایى بەرانبەر بە و هێزە و تاوانبارەکان ئەنجامنەدرا کە هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەم.
دواى ئەوە دەزگاکانى ئەمنى هەڵەبجەى شەهید بۆ ماوەى (٧) مانگ لەناو ماڵەکەمدا مانەوە بەمەبەستى پاراستنى، لە ڕێکەوتى ٢٠٢٤/١١/١٠ ئاسایشى هەڵەبجە ئاگاداریان کردینەوە کە کێشە نەماوە و خانوەکەمان رادەست بکەنەوە، سەرەڕاى ئەوەش ئێمە ئامادە نەبووین بچینە نێو خانووەکەى خۆمان بۆ ئەوەى بەبەتاڵى بمێنێتەوە تاوەکو کاتێکى گونجا و بۆ دوورکەوتنەوە لە کێشە، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیم کرد بە (على حاجى محمود)ى برام لەگەڵ باخەوانەکەم کلیلەکان وەربگرن و پێم ڕاگەیاند لە ئێستادا ناگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم.
لە و سەروبەندەدا لەلایەن محمد حاجى محمود و هێزەکەى جارێکى تر خانوەکەمیان داگیر کردەوە، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١١/١١ پەیوەندییان لەگەڵداکردم کە بە ئامێرى روخاندنى خانوو(دەقاق) دەستیان کردووە بە ڕوخاندنى خانوەکەم سەرەڕاى ئەوەى سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانم بەفەرمى لێ ئاگادار کردەوە لە دەستپێکى ڕوخاندنى خانووەکەم وە هەروەها ڕێکارى یاساییم گرتەبەر.
جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان بۆ نە شێواندنى ڕاستییەکان:
ئەم خانوە لەگەڵ باخەکەدا وە راکێشانى کارەبا بۆى مۆڵەتى فەرمى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە و شوێنى نیشتەجێبوونى منداڵەکانم بووە.
ئەوەى کە دەمانەوێت بیخەینە ڕوو هیچ کەسێک و لایەنێک بۆى نیە بەبێ مۆڵەتى فەرمى دادگا تەجاوز بکاتە سەر موڵک و ماڵى هەر هاوڵاتییەک، ئێمە بۆ پاراستنى ژیانى خەڵکى ناوچەکە و پێشمەرگەکان خۆمان بە دوور گرت و بەجێمان هێشت بۆ لایەنى پەیوەندیدار و لە هەمان کاتدا هیچ گرژیەک لە ئارادا نەبووە و هیچ بەهانەیەک نەبوو تا پاساو بهێنێتەوە بۆئەو کارە قێزەونە کە لە مێژووى حوکمڕانى کوردى و عورفى کۆمەڵایەتیدا نەبووە.
ئەم جۆرە کارانە تەنها لەم کەسانە دەوەشێتەوە کە داماڵراون لە هەموو بەهایەکى کۆمەڵایەتى و مرۆڤایەتى، وە ئێمەش پشوو درێژین و بەم جۆرە کارە لەرزۆکانە تێک ناچین و ڕەوتى کار و خەباتمان بەردەوامە وەک چیاکانى کوردستان بەهێزین، دواجار سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە.
داوا لەسەرجەم دۆست و لایەنگران و هەڤاڵان و کادر و ئەندامانى سەربە بزووتنەوەى سۆسیالیستى کوردستانى-عێراق دەکەین وەک هەمیشە خۆڕاگر بن و دان بە خۆتاندا بگرن، دام و دەزگاکانى (قضاء) حکومەتى هەرێمى کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخەینە بەر بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر بەو جۆرە تاوانانە.
هەرشاد و سەرکەوتووبن
عەبدوڵا حاجى محمود
وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان