کارەباى سلێمانى لەبارەى کەیسى 'دزینى پارە' لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونکردنەوەیەک دەدات
پەرەگراف
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى سلێمانى لەبارەى کەیسى "دزینى پارە" لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت "كەیسێك لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریمان هەیە و فەرمانبەرێک ڕاگیراوە".
بەپێى زانیارییەکانى پەرەگراف، بڕێکى زۆر پارە لە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى سلێمانى دیار نەماوە و لەلایەن ئاسایشەوە فەرمانبەرێک بە تۆمەتى "دزینى پارەکە" دەستگیر کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیى کارەباى سلێمانى لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت "كەیسێك لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان هەیە و بە بڕیاری دادوەر چەند فەرمانبەرێك بانگكراون بۆ لێكۆڵینەوە. یەك فەرمانبەر ڕاگیراوە و لیژنەیەكی لیكۆڵینەوەش پێكهێنراوە و وردبینی لە دۆسێكاندا دەكەن".
لێكۆڵینەوە و ڕێكارە یاساییەكان لەبارەى کەیسەکەوە بەردەوامە و کارەباى سلێمانى جەخت دەکاتەوە کە "چاوپۆشی لە هیچ فەرمانبەرێك ناكرێت کە لە كەیسەكەوە تێوەگلابێت".
"لە ئێستادا ئەم كەیسە ئاڕاستەی دادگای لێكۆڵینەوە كراوە و دادگا یەكلایى دەكاتەوە كە كێ تاوانبارە و كێش بێ تاوانە. بنەمایەكی یاساییش هەیە دەڵێت (المتهم بریء حتى تثبت إدانته)"، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى سلێمانى وا دەڵێت.
ڕوونکردنەوەکەى کارەباى سلێمانى بۆ وەڵامدانەوەى "كەناڵێکى ئاسمانى"یە کە وەکوو بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت "بەشێوەیەكی چەواشەكارانە و بەرنامەبۆداڕێژراو، لەپێناو لێدان لە شاری سلێمانی و دوور لە هەموو ئیتیكێكی ڕۆژنامەوانی، باس لە كەیسی دزینی دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناردەكات لە ڕێگەی وەسڵی بەتاڵەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی".
کارەباى سلێمانى نیگەرانە لەوەى کە "زانیارییەكانی ئەو كەناڵە پڕە لە هەڵە و ناوزڕاندن و تەشهیر بە فەرمانبەران و بەڕێوەبەرایەتی"ـى کارەبا، بەوپێیەی "ڕاستەوخۆ ناوی فەرمانبەرەكان و پێگە و پلەكانیان دەهێنرێت".
بەپێى بەدواداچوونى پەرەگراف، ئەو کەناڵەى کە هەواڵەکەى بەو شێوەیە بڵاو کردووەتەوە، (ئاڤا میدیا)یە کە کەناڵێکى ئاسمانییەو ئارین کوڕی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خاوەنداریی دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیى کارەباى سلێمانى تۆمارکردنى سکاڵا لەسەر ئەو کەناڵە بە مافی خۆمانی دەزانێت و دەڵێت "بۆ هیچ كەس و لایەنێكی ڕاگەیاندن نییە لەبری دادگا بڕیار بدات بە تۆمەتباركردنی بەڕێوەبەرایەتییەك و فەرمانبەرەكانی".