پەرەگراف
کێشەى پیسبوونى ئاوى قەزاى شارەزوور بە کاتى چارەسەر کرا و کێشەى بڵاوبوونەوەى بۆنە پیسەکە لە قەزاکە بە چارەسەرنەکراوى ماوەتەوە.
قائیمقامى شارەزوور ڕایدەگەیەنێت پشکنینەکانى ئاوى قەزاکە پاک دەرچووە و لەمڕۆوە فەرمانگەى ئاوى قەزاى شارەزوور ئاو بۆ ماڵان بەردەداتەوە. دڵنیاییش دەدات کە "ئێستا ئاوەکە بۆ خواردنەوە شیاوە". بەڵام بەهۆى کۆنیى تۆڕى ئاوى قەزاکە، گرەنتیى دووبارەنەبوونەوەى نەخۆشى و مەترسییەکانى هەفتەى ڕابردوو نییە.
پاش شەپۆلە بارانەکەى هەفتەى ڕابردوو، لە قەزاى شارەزوور ئاوى ماڵان تێکەڵ بە ئاوى زێراب بوو و بەهۆیەوە لە ماوەى چەند ڕۆژێکدا نزیکەى سێ هەزار کەس تووشى سکچوون و ڕشانەوە بوون.
ئەمڕۆ ١٢-١١-٢٠٢٤، ڕزگار غەفوور، قائیمقامى قەزاى شارەززور، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "١١ شکاوى لە تۆڕى ئاودا لە گەڕەکى شارستانى (کە پەتاکەى تێدا بڵاو بووەوە) چاککراونەتەوە و لە چەندین گەڕەکى دیکەش شکاوى هەیە و بەردەوامین لە چاککردنیان".
قائیمقامى قەزاى شارەزوور ئاماژەى بەوە کرد "تۆڕى ئاوى قەزاى شارەزوور لە ساڵى ١٩٨٨ـەوە دروست کراوە و کەڵکى نەماوە. نزیکەى ٢٠٠ شکاوى لە تۆڕەکەدا هەیە کە فەرمانگەى ئاو فریاى چاککردنیان ناکەوێت".
سەبارەت بەو بۆنە پیسەى ڕۆژى ڕابردوو لە قەزاکە بڵاو بووەوە، ڕزگار غەفوور ڕایگەیانند "بۆنە پیسەکە لە کارگەکانى سنوورى ناحیەى عەربەتەوە سەرچاوەى گرتووە. فەرمانگەى ژینگە و قائیمقامیەت و پارێزگاى سلێمانى و ناحیەى عەربەتیشمان ئاگادار کردووەتەوە کە بێنە سەر خەت بۆ چارەسەرى ئەو بۆنە".
ناوبراو ئەو بۆنەى بە "مەترسى بۆ سەر ژیانى هاووڵاتیانى قەزاى شارەزوور" ناو برد و وتیشى "لە بوارى ژینگەییەوە کاریگەریى خراپى لەسەر قەزاى شارەزوور هەیە".
"ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکار نەگرنە بەر، داوا لە داواکارى گشتى دەکەین بێتە سەرخەت و ڕێکارى پێویست بگرێتە بەر"، قائیمقامى شارەزوور وا دەڵێت.