لاهوور شێخ جەنگى پەیامى لایەنە ناڕازییەکان دەربارەى 'هەڵبژاردنى دیزاینکراو' دەگەیەنێتە یەکێتیى ئەورووپا

12-11-2024 08:30

پەرەگراف

لاهوور شێخ جەنگى پەیامى لایەنە ناڕازییەکانى هەرێم دەربارەى "ساختەکاریى گەورە و دیزاینى پێشوەختەى هەڵبژاردن" دەگەیەنێتە نوێنەرى یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان. سەرۆکى بەرەى گەل دەشڵێت "دەنگى بەرەى گەل لەوە زیاترە کە دیارى کراوە".

لاهوور شێخ جەنگى، سەرۆکى بەرەى گەل، لە کۆبوونەوەى لەگەڵ ڕادو بوتوم، بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان، بۆچوونى حیزبەکەى و لایەنە ناڕازییەکانى دیکەى سەبارەت بە هەڵبژاردن خستووەتە ڕوو.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، لاهوور شێخ جەنگى دەڵێت "بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر، بەتایبەت ئەو ساختەکارییە گەورەیە و ئەو دیزاینە پێشوەختە هەرێمایەتییەی بۆ هەردوو حزبی دەسەڵات و هەندێک لایەنی تر ئامادە کرابوو، بۆ لەکەدارکردنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و ناوبانگی هەرێمی کوردستان".

هەروەها دەڵێت "ئاماژەمان بە نیگەرانی و هەڵوەستەی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات کرد بەرامبەر بەو ساختەکارییانەی ئەنجام دراوە، لەو سۆنگەیەشەوە باسمان لە هەوڵ و هەنگاوەکان کرد بۆ داکۆکیکردن و پارێزگاریکردن لە ئیرادەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە ئەنجامى بەرەى گەل لە هەڵبژاردنەکەدا، لاهوور شێخ جەنگى بە نوێنەرى یەکێتیى ئەورووپاى وتووە "سەنگ و دەنگ و پشتیوانيی جەماوەريی بەرەی گەل، زۆر گەورە و فراوانترە لەو ئەنجامانەی لەم هەڵبژاردنە دیزاینکراوەدا دیاری کراوە".

لەدواى هەڵبژاردنى ٢٠-١٠-٢٠٢٤، بەشێک لە حیزبەکان ڕایانگەیاند کە ساختەکاریى گەورە کراوە و ئەو ئەنجامانە دەنگى ڕاستەقینەى دەنگدەرانى ئەوان نییە.

ڕۆژى ٤-١١-٢٠٢٤، حەوت حیزب لە سلێمانی دەربارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كۆبوونەوە و ‏لەسەر پێنج خاڵ ڕێككەوتن. دیارترین داواكاریی ئەو حیزبانە ‏‏"هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و دووبارەكردنەوەیەتی". سەبارەت ‏بە هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنیش لە داهاتوودا، داوای گۆڕانكارییەك دەكەن.‏

كۆمەڵی دادگەری، ‏ڕەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل، یەكگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان، ‏بزووتنەوەی ئیسلامی و پەیوەنديی ئیسلامی پاش كۆبوونەوەكە جەختیان كردەوە كە "ساختەكاریی گەورە" ‏ئەنجام دراوە و لە تانەكانیاندا بەڵگەیان بۆ ئەوە خستووەتە ڕوو.

لەناو ئەو حەوت حیزبەدا، تەنیا کۆمەڵى دادگەرى ئەنجامى هەڵبژاردنى بە تەواوى ڕەت کردووەتەوە و بڕیاریشى داوە نەچێتە پەرلەمان.

بەپێى ئەنجامى هەڵبژاردن، پارتى ٣٩ کورسى، یەکێتى ٢٣ کورسى، نەوەى نوێ ١٥ کورسى، یەکگرتوو ٧ کورسى، ڕەوتى هەڵوێست ٤ کورسى، کۆمەڵى دادگەرى ٣ کورسى، بەرەى گەل ٢ کورسى، هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانیى هەرێمى کوردستانیش یەکى یەک کورسییان بەدەست هێناوە، سێ کورسیش بۆ پێکهاتەى مەسیحى و دوو کورسى بۆ پێکهاتەى تورکمان بووە.