عەبدوڵڵا حاجی مەحموود هۆشداری لەبارەی 'ڕوودانی تەقینەوه' لە خانووەکەی لە گوڵەخانە دەدات
پەرەگراف
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود هۆشداری لەبارەی ئەگەری "ڕوودانی تەقینەوە" لەناو خانوو و باخەکەی لە گوڵەخانە دەدات و دەڵێت "بەرپرسیار نیم لە هەر زیانێک بە خەڵک بگات". دەربارەی محەمەد حاجی مەحموودی برایشی ڕایدەگەیەنێت "بووەتە کەسێکی مەترسیدار، نە حکومەت، نە دەزگای ئەمنی و دادگا" ڕێکار بەرامبەری ناگرنە بەر.
ڕۆژی 11-11-2024، محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە گوندی گوڵەخانە، خانووی عەبدوڵڵا حاجی مەحموودی برای بە "ئامێری دەقەق" ڕووخاند کە وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانیشە.
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە ئاگادارکردنەوەیەکدا کە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ و حکومەت و دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی کردووە، دەڵێت "سەرەڕای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر محەمەد حاجی مەحموود، کەچی هیچ ڕێکارێکی دادوەری، ئەمنی و حکومی بەرامبەری نەگیرایە بەر".
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود داگیرکردن و ڕووخاندنی خانووەکەی بە "شکاندی حەرەمی ماڵ و قبووڵنەکراو لە یاسا و عورف و ئەخلاق و ئادابی گشتیدا" ناو دەبات و هۆشدارییەکیش دەدات.
"دەمەوێت لێرەوە پێتان ڕابگەیەنم، لە ڕوودانی هەر ڕووداوێک، وەکوو تەقینەوە، یاخود بەرکەوتنی هەر زیانێک بە خەڵک و ڕوودانی ڕووداوێکی تر لەناو خانوو و باخەکەمدا، بێبەریم و لێی بەرپرس نیم"، عەبدوڵڵا حاجی مەحموو وا دەڵێت.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەبارەی محەمەد حاجی مەحموودی برای لە گوڵەخانە، دەڵێت "بووەته کەسێکی مەترسیدار لە دەرەوەی یاسا بۆ خەڵکی ناوچەکە و لە داهاتوودا تاوانی مەترسیدارتریش ئەنجام دەدات".
بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف، کێشەکانی نێوان محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و عەبدوڵڵای برای کە پێشتر جێگری بوو، لە بنەڕەتدا لەسەر ئایندەی پۆستی سەرۆکی حیزبەکە بووە، کە محەمەد حاجی مەحموود دەیەوێت ئەو پۆستە بۆ کوڕەکەی خۆی بێت.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەڵێت "کێشەکانی ناو پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە مانگی 3ـی 2024 بەهۆی پاوانخوازی و بیروڕای جیاواز سەری هەڵدا".
شەوی ڕابردووتریش عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەبارەی ڕووخاندنی خانووەکەیەوە لە گوڵەخانە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و وتی "ئەم جۆره کارانە تەنها لەم کەسانە دەوەشێتەوە کە داماڵراون لە هەموو بەهایەکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی".
هەروەها داوای لە "دۆست و لایەنگران"ـی کرد دان بەخۆیاندا بگرن و ڕایگەیاند "دامودەزگاکانی دادوەری و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخەینە بەر بەرپرسیارێتی".