پەرەگراف
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەى محەمەد شیاع سوودانی و مەسروور بارزانیدا، جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ پێدانی مووچە و بەبانکیکردنى مووچەی فەرمانبەرانى هەرێم کراوەتەوە. فەرمانگەى میدیا و زانیاریى حکومەتى هەڕێمى کوردستانیش دەڵێت "گفتوگۆ لەسەر پێنج تەوەر کراوە".
بەیانیى ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عیضراق، گەیشتە هەولێر و لەلایەن مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمەوە پێشوازیى لێ کرا.
حکومەتى هەڕێمى کوردستان لەبارەى ناوەرۆکى کۆبوونەوەکەى نێوانیانەوە دەڵێت "سەقامگیریی هەرێمی کوردستان سەقامگیریی هەموو عێراقە،پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەپێناو کاریگەری و هەماهەنگی، چارەسەرکردنی پرسی مووچەی هەرێم، گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پرسی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان" ئەو تەوەرانە بوون کە گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
بەپێى ڕاگەیەندراوى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراقیش، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەیاندا، سوودانى "پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان"ـی لە مەسروور بارزانی کردووە.
هەروەها دەڵێت "بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بوون. لەنێویاندا هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ڕێکخستنی هەوڵەکان بۆ سوودی هاووڵاتیان لە سەرانسەری وڵات".
لەبارەی پرسی مووچەیشەوە، نووسینگەی سوودانی ڕایگەیاند "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەى مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت کردەوە".
"پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە"، تەوەرەکانى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.
بەپێى ڕاگەیەندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی "سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" و ئاماژەی بەوەش دا کە "سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بنەمایەکی گرنگیی سەقامگیریی هەموو عێراقە".
"لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لەبارەی کێشە و پرسەکانی تایبەت بە مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ئامادەکارییەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق کرا"، حکومەتى هەرێمى کوردستان وا دەڵێت.
وەکو لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەبارەت بە پرسی مووچە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە "پێویستیی دوورخستنەوەی پرسی خەرجکردنی مووچەی هەرێم لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە زووترین کات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە کرایەوە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت".