سەرجەم خاوەنی موەلیدە ئەهلییەکانى چەمچەماڵ دەستگیر کران

13-11-2024 01:46

پەرەگراف

دواى ئەوەى شەوى ڕابردوو لەلایەن دادوەرەوە فەرمانى دەستگیرکرنیان بۆ دەرچوو، ئەمڕۆ سەرجەم خاوەنی موەلیدە ئەهلییەکانى ناو سەنتەرى قەزاى چەمچەماڵ دەستگیر کران.

ئەوە خاوەن موەلیدانە کە ٣٩ کەسن، لەسەر سکاڵاى قائیمقامیەتى چەمچەماڵ و لە بەرانبەر کوژاندنەوەى کارەبا لە هاووڵاتیان، لەلایەن دادوەرەوە فەرمانى دەستگیرکردن بۆ دەرچووە.

بەپێى ڕاگەیەندراوى قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ، فەرمانى دەستگیرکردنەکە لەسەر سکاڵای قائیمقامیەتی چەمچەماڵ و بە بڕیاری دادوەر بووە.

قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ دەڵێت "خاوەنی موەلیدەکانی چەمچەماڵ ئێوارەی دوێنێ ١٢-١١-٢٠٢٤ کارەبای موەلیدەیان لە قەزای چەمچەماڵ کوژاندەوە، بۆیە قائیمقامیەتی چەمچەماڵ بە بڕیاری دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردن".

خاوەنى موەلیدەکانى سەنتەرى قەزاى چەمچەماڵ داوا دەکەن پێدانى کارەبا لەلایەن موەلیدەکانەوە بە هاووڵاتیان، بخرێتە ڕۆژ، لەبەر ئەوەى هاووڵاتیان بەشەودا کارەبا زیاتر بەکار دەهێنن و فشار لەسەر موەلیدەکانیان دروست دەبێت، بەڵام لایەنى پەیوەندیدار ئەوەى ڕەت کردووەتەوە، بەوپێیەى لەگەڵ بەرنامەى کارەباى نیشتمانى ناگونجێت.