نێچیرڤان بارزانى و سوودانى: پێوستە وڵات لە لێكه‌وته‌كانى ململانێی هەرێمی دووربخەینەوە

13-11-2024 02:13

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانى و سوودانى گفتوگۆیان دەربارەى چوار تەوەر کرد و هەردوولا جەختیان لە "دوورخستنەوەی وڵات لە لێكه‌وته‌كانى ململانێی هەرێمی" کردەوە.

به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ١٣-١١-٢٠٢٤، محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق گەیشتە هەولێر و سەرەتا لەگەڵ مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و دواتریش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە. بڕیارە هەر ئەمڕۆیش سەردانى سلێمانى بکات.

بەپێى ڕاگەیەندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى و سوودانیدا "ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، هەروەها بارودۆخی وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە" تاوتوێ کران.

سەرۆکایەتیى هەرێم دەڵێت "هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگيی هاوبەش و پێویستيی چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا لە ڕێگەی دیالۆگی بیناتنەر و پابەندبوون بە دەستووری عێراقه‌وه‌ کردەوە".

سەبارەت بە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، سەرۆکوەزیرانى عێراق "پیرۆزبایی لە هەرێمى كوردستان کرد بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردنی پەرلەمان و ستایشی بەشداريی بەرفراوانی هاووڵاتیانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا".

نێچیرڤان بارزانی ستایشی پشتگیريی سەرۆکوەزیران سوودانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کردووە بۆ "سه‌رخستنى هەڵبژارد" و جەختی لەسەر "گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاريی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا" کردووەتەوە.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەڵێت "لە ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق تاوتوێ کران. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستيی دوورخستنەوەی وڵات لە لێكه‌وته‌كانى ململانێی هەرێمی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە".

"پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و چۆنیەتيی پەرەپێدانیان، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا، ئاماده‌ى بوون"، سەرۆکایەتیى هەرێم وا دەڵێت.