بافڵ تاڵەبانی بۆ چارەسەری كێشەی مووچە داوای جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكات

13-11-2024 08:40

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، بافڵ تاڵەبانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم جەختی لەسەر "جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی" تایبەت بە تەوتینكردنی مووچە لە بانكە فیدراڵییەكان كردووەتەوە.

پاش سەردنەكەی بۆ هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق گەیشتە سلێمانی و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی پێشوازیی لێ‌ كرا. دواتریش بە ئامادەیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی كۆبوونەوە.

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "لە دیدارێكدا گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكان تاوتوێ كران، جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان لایەنەكانی هەرێم و عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور، هاوبەشیی ڕاستەقینە و ڕێككەوتنە سیاسییەكان كرایەوە".

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت "سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار كردەوە كە پرەنسیپی ڕاستەقینە و هاوبەشیی تێدا پەیڕەو بكرێت، ببێتە مایەی سەقامگیری و وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەك بێت".

لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە "یەكێتی پەرۆشی پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەر و دوور لە جیاكارییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا، دەمانەوێت هاوبەشی ڕاستەقینە بین لە بەڕێوەبردنی هەرێمەكەمان و هەمووان بە ڕۆحێكی بەرپرسیارانەوە كار بۆ خزمەتی خەڵكەكەمان و بەهێزتركردنی هەرێمەكەمان بكەین".