ئەپیکور پێشوازی لە هەموارکردنی بڕگەیەکی یاسای بودجە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم
پەرەگراف
زیانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان 23 ملیار دۆلاری تێپەڕاندو كۆمپانیا نەوتییەكان پێشوازی لە پێشنیازی هەمواری مادەی (12) لە یاسای بودجەی گشتی عێراق دەكەن بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە كوردستان (ئەپیكور) لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور پێشوازی لە پێشنیازی هەمواری مادەی (12) لە یاسای بودجەی گشتی دەکەن لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوەو پێیانوایە دەرفەت هەیە بۆ فەراهەمكردنی داواكارییەكانیان پەیوەیست بە مەرجە بازرگانییەكان و زامنكردنی پێدانی پارەی هەناردەكانی رابردوو و داهاتوو لەڕێی بۆریی عێراق-توركیا.
ئەپیكور ئامادەیی پیشان دەدات بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆی بەرهەمدار لەگەڵ حكومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێم، بۆ دانانی رێوشوێنەكانی كۆتایی رێككەوتنێكی نوسراو لەوبارەیەوە پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت.
هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازێكی بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم پەسەند كرد کە لەڕێی هەمواری مادەی 12 لە یاسای بودجە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 16 دۆلار زیاد بکرێت.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک بۆ بازاڕەکانی جیهان لە 25ی ئازاری 2023 وەستاوە، ئەوەش بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا، بەپێی دواین ئاماری ئەپیکور زیانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت گەیشتووەتە زیاتر لە 23 ملیار دۆلار بۆ عێراق و هەرێم.
دەستپێکردنەویە هەناردەی نەوتی هەرێم خواست و داواکاریی ئەمەریکاشەو تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی بوو لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ٢٣-٩-٢٠٢٤ لە نیویۆرک.
دیلان غەفور سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق کە بەشداربوو لەو کۆبوونەوەیەدا بە پەرەگرافی وت، لایەنەی ئەمەریکی خوازیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمن، "بلینکن داوایکرد کێشەکانی بەردەم هەناردەی نەوت چارەسەر بکرێن و تا کۆتایی ئەمساڵ هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە".
لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سوودانی، خواستی عێراقی پیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و کێشەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیەی خستووەتەڕوو، دیلان غەفور وتی "سەرۆکوەزیران ئەوەی خستەڕوو کە دوو کێشە هەیە، لەلایەک کۆمپانیا نەوتییەکان داوای قەرزە کۆنەکانیان دەکەن کە لەسەر هەرێمی کوردستانەو عێراق ناتوانێت بیانداتەوە، دووەمیش پێویستە گرێبەستە نەوتییەکان هەموار بکرێنەوە، حکومەتی هەرێم بەمە ڕازییە، بەڵام کۆمپانیاکان ڕازی نین".
گرفتێکی سەرەکیی بەردەم هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانە، حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، دەیەوێت ئەو پارەیە کەم بکاتەوە کە هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەری ڕێککەوتوون بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ ئەوەش پێشنیاری جیاواز هەیەو هێشتا نەیتوانیوە کۆمپانیاکان ڕازیی بکات.