پەرەگراف
وەزیرى پلاندانانى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە لە ڕۆژى یەکششەمە ١٦-١١-٢٠٢٤ـەوە سەرژمێرى دەست پێ دەکاتەوە و ڕۆژانى ٢٠ و ٢١ـى مانگ قەدەغەى هاتووچۆ دەبێت. جەختیش دەکاتەوە کە پرۆسەکە بۆ کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان زۆر گرنگە و پێویستە دانیشتوانى کەرکووک و ناوچەکانى دیکەى سنوورى ماددەى ١٤٠ لە ١٦ و ١٧ـى مانگ بگەڕێنەوە شوێنى خۆیان بۆ سەرژمێرى.
ڕۆژانى ١٦ تا ١٩ـى مانگ بژمێرەکانى پرۆسەى سەرژمێرى دەچنە ماڵان، لە چوارچێوەى سەرژمێریدا پرسیارى زۆر ورد لە هاووڵاتیان دەکەن و هەموو زانیارییەکان تۆمار دەکەن، دواتر لە ٢٠ و ٢١ـى مانگ قەدەغەى هاتووچۆ ڕادەگەیەنرێت و سەرژمێریى کۆتایى بە ئامادەیى ئەندامانى خێران ئەنجام دەدرێت.
دارا ڕەشید، وەزیرى پلاندانانى هەرێم، ئەمڕۆ ١٤-١١-٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوایدا وتى "لە کۆبوونەوەى ڕۆژى سێشەممەى ڕابردووى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقدا زۆرینەى داواکارییەکانى هەرێمى کوردستانى سەبارەت بە سەرژمێرى پەسەند کرد".
وەزیرى پلاندانانى هەرێم ئاماژەى بە "گرنگترین" داواکاریى کورد کرد کە قبووڵکراوە، ئەویش ئەوەیە کە سەرژمێری ساڵى 1957 دەكرێتە بنەما بۆ سەرژمێریی گشتیى 2024 لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم.
"یەکەم جارە لەدواى پەسەندکردنى دەستوور لە ٢٠٠٥ـەوە، سەرژمێریى ساڵى ١٩٥٧ دەکرێتە بنەما بۆ سەرژمێرى لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، هەموو ئەو سەرژمێرییانەی لە دوای (1957)وە كراون، هەڵدەوەشێنرێنەوە"، دارا ڕەشید واى وت.
ناوبراو زیاتر ڕوونى کردەوە و وتى "جەختمان لە سەرژمێریى ١٩٥٧ و نوێکراوەکانى کردووەتەوە، کە مەبەستمان ئەوەیە هەموو ئەوانەى باوباپیریان لە ١٩٥٧ لە کەرکووک، شنگال، شێخان، تەلعەفەر، زوممار، خانەقین، مەندەلى، بەدرە و جەسان بوون، هەموویان دەگەڕێنەوە سەر سجیلى ٥٧".
وەزیرى پلاندانانى هەرێم دەڵێت "پێموایە دەستکەوتێکى گەورەیە بۆ هەرێمى کوردستان و کورد و پێکهاتەکانى دیکەش کە مافى سەرژمێریى ١٩٧٥یان بۆ بگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەى لەو سەرژمێرییەدا مافى هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بووە، بەڵام لە سەرژمێرییەکانى دواتر بە گۆڕانکاریى جوگرافى و دیمۆگرافى و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن، ئەو شوێنانە شێوێندراون".