پەرەگراف
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم، 10 ڕۆژ مۆڵەت دەداتە خوێندكارانی دەرەوەی وڵات، لەپێناو گەڕانەوە و بەشداریكردنیان لە سەرژمێریی گشتی.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت "بەمەبەستی ئاسانكاری و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دا بە ڕێگەپێدان بە خوێندكار/ قوتابیانی دەرەوەی وڵات بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی دە ڕۆژ".
بەپێی بڕیارەكە، لە ڕێكەوتی (16 تاكو 26/ 11/ 2024)، مۆڵەتی گەڕانەوە بەو خوێندكارانە دەدرێت و "ئەو ماوەیان بە ماوەی مانەوە بۆ هەژمار دەكرێت".
هەر لە چوارچێوەی ئاسانكارییەكان بۆ بەشداری لە سەرژمێری، نۆ ڕۆژ پشوو بۆ فەرمانبەران و قوتابیانى ناوچە دابڕیندراوەکان لە هەرێم ڕاگەیەندرا.
دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم بڕیارێکى دوو خاڵیى بە مەبەستی کارئاسانی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری ڕاگەیاند و لە خاڵى یەکەمدا دەڵێت "ڕۆژانی (2024/11/15 تاکوو 2024/11/23) پشوو دەبێت بۆ فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی و کارمەندانی ڕاژەی سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و قوتابیۆان لە گشت قۆناغەکانی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان، ئەوانەى کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی (140)ی دەستوورن".
لە خاڵى دووەمیشدا دەڵێت "ڕێکخراوەکان و کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، کارئاسانی بکەن بۆ کارمەندەکانیان کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی (140)ی دەستوورن، بۆ ئامادەنەبوون لە هەمان ماوە تاکوو بتوانن بەشدار بن لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی".
هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕێنماییەکى شەش خاڵیى بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ لە ڕۆژانی 20-2024/11/21 بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان دەرکرد.
1- سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە نیوەشەوی (19-20)ی تشرینی دووەم لە کاتژمێر (12:00)ی شەو دەست پێدەکات و تاکوو کاتژمێر (12:00)ی شەوی (22/21)ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
2- جوڵەی هاونیشتمانییان و ئۆتۆمبێل لە کاتی جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ سنووردار دەکرێت (لە نێوان پارێزگاکان، قەزاکان و ناحیەکان و لە نێوان شارنشین و گوندنشین، یاخود لە نێوان ناحیە و قەزا و بە پێچەوانەوە)، جگە لە حاڵەتە مرۆیی و زۆر پێویستەکان و بارودۆخی سروشتی و ئەمنی.
3- لایەنە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار لە پارێزگاکان و ئیدارەکان سەرجەم (بژمێرەکان، بەڕێوەبەری گەڕەك/گوند و یاریدەدەرەکانیان، سەرپەرشتیاران و چاودێران) بە فەرمی ڕێگەیان پێدەدەرێت، هەروەها ڕێگە بە فەرمانبەرانی وەزارەتی پلاندانان دەدرێت بۆ جوڵە و هاتوچۆکردن بۆ مەبەستی کاری سەرژمێری. بە هەمان شێوە، ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندکاران کە لایەنە فەرمییەکان ڕێگەیان پێ داوە و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و هەڵگری باجی ناساندنن لە دوو ڕۆژی قەدەغەی هاتوچۆدا ڕێگەپێدراون.
4- هەموو ئەو کەسانەی کە ئەركیان پێ سپێردراوە و لە ئێشگگریدان لە قەدەغەی هاتوچۆ بەدەرن، وەك کارمەندانی تەندروستی و پزیشکی و خزمەتگوزاری کە لە فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانن و بە پێی مۆڵەتی فەرمیی فەرمانگەکە و پێش ڕێکەوتی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ بەرژەوەندیی گشتی داوای کار و ئامادەبوونیان لێکراوە.
5- هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، بەرگریی شارستانی، دەوریەی هاتوچۆ و فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان لە قەدەغەی هاتوچۆ بەدەرن.
6- قەدەغەی هاتوچۆ باڵیۆزخانەکان، نێردە دیبلۆماسییەکان، دەزگا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناگرێتەوە.