سەرۆکى هەرێم: تا سەرخستن و یەکخستنى پێشمەرگە کۆڵ نادەین

16-11-2024 11:46

پەرەگراف

وەزیرى پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت "پرۆسەى ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە دەبێت تا کۆتایى ساڵى ٢٠٢٦ کۆتایى بێت". داوا لە پارتى و یەکێتیش دەکات هاوکارى بن بۆ سەرخستنى پرۆسەکە و دەڵێت "پێویستە یارمەتیدەرمان بن لە پرۆژەى نیشتمانیى دروستبوونى سوپایەکى کوردستانى". سەرۆکى هەرێمیش دەڵێت "ڕاستە کێشە و گرفت لەبەردەم پرۆسکەدا هەن و هەنگاوەکان هێواشن، بەڵام تا یەکخستنى پێشمەرگە بەردەوام دەبين".

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان، لە کاتى بەشدارى لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، جەختیشى کردەوە "چارەنووس و داهاتووى هەرێمى کوردستان بەندە بە بوونى سوپایەکى بەهێز و خاوەن توانانى سەربازیى پێشکەوتوو".

شۆڕش ئیسماعیل وتیشى "وێڕاى گرفت و بەربەستەکان، توانیومانە بەشێکى زۆرى کارنامەى چاکسازى جێبەجێ بکەین و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە بکەین بە ئەمرى واقیع، ئەوەش لە چوارچێوەى بونیادنانى دوو دەڤەر و ١١ فیرقەى سەربازیدا لەژێر کۆنترۆڵى وەزارەتى پێشمەرگەدا".

لە خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، ٧٦٩ ئەفسەر دەرچوون کە ٧٢١ـیان پیاو و ٤٨ـیان ئافرەتن و پلەى مولازم وەردەگرن.

لە ئاهەنگەکەدا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، وتارێکى پێشکەش کرد و تێیدا وتى "دەبێت هێزەکانى پێشمەرگە و سەرجەم هێزە چەکدارەکانمان دامەزراوەیەکى نیشتمانى و پیشەیى سەربەخۆ بن، دوور بن لە ناکۆکى و ململانێى سیاسى و حیزبى. دەبێت سەر بە نیشتمان و سەر بە گەلى کوردستان بن".

"ڕاستە کێشە و گرفت لەبەردەم پرۆسکەدا هەن و هەنگاوەکان هێواشن، بەڵام بەرەوپێشچوونێکى باش هەیە. گەلى کوردستان و دۆستانمان لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دڵنیا دەکەینەوە، کە ئیرادە و خواستى جیدیمان هەیە و تا سەرخستن و یەکخستنى پێشمەرگە کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبين"، نێچیرڤان بارزانى واى وت.