پەرەگراف
سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیامێک ئاراستەى لایەنە براوەکان دەکات بۆ دەستپێکردنى دانوستانى پێکهێنانى حکومەت و دەڵێت "حکومەتێک پێکبهێنن کە وەڵامگۆى چاوەڕوانییەکانى خەڵک بێت".
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند "داوا لە هەموو هێزە سیاسییە براوەکان دەکەم، بەرژەوەندیى باڵاى نیشتمان لە سەروو هەموو شتێکەوە دابنێن و گفتوگۆیەکى جیددیى بەرپرسیارانە و بونیادنەر دەست پێ بکەن بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى بەهێز و کارا".
لە میانى وتارەکەى لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، سەرۆکى هەرێم ڕوو لە لایەنە براوەکان وتیشى "حکومەتێک پێک بهێنن کە وەڵامگۆى چاوەڕوانییەکانى خەڵک بێت، بتوانێت سەرکەوتووانە ڕووبەڕووى مەترسى و ئاڵنگارییەکانى ئێستا و داهاتوو ببێتەوە".
پاش نزیکەى مانگێک لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، هێشتا یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمان ئەنجام نەدراوە و دانوستانى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێم دەستى پێ نەکردووە، بەوپێیەى هێشتا کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق و دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن ئەنجامى تانەى لایەنەکانیان یەکلا نەکردووەتەوە.
گفتوگۆى سەرەکیى پێکهێنانى حکومەت لەنێوان سێ لایەنى براوەى هەڵبژاردن (پارتى، یەکێتى و نەوەى نوێ) دەبێت، کە پارتى ٣٩ کورسى و یەکێتى ٢٣ کورسى و نەوەى نوێ ١٥ کورسییان بەدەست هێناوە.
نەوەی نوێ کە براوەى سێیەمى هەڵبژاردنە، هەریەکە لە پارتى و یەکێتى چاویان لەسەریەتى. جووڵانەوەکەش لاى خۆیەوە پێشوەختە ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە حکومەت ڕاگەیاندووە، بەڵام مەرجى هەیە و بە دوو پێشنیازەوە دەچێتە دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەتەوە.
نەوەی نوێ لە بژاردەی یەکەمیدا، داوای پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەکات، لەو حاڵەتەدا تەنیا ئەو پۆستەی دەوێت و سەرجەم پۆستەکانی دیکە لە هەرێم بە سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆکى هەرێمیشەوە بۆ لایەنی تر بن.
لە ئەگەری پێنەدانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، بژاردەى دووەمی نەوەی نوێ ئەوەیە کە سەرجەم پۆستەکانی دیکە بە (سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان و 23 وەزارەتەکەی هەرێم)یشەوە بۆ خۆى بن و تەنیا پۆستى سەرۆکوەزیرانى هەرێم بۆ لایەنێکى دیکە بێت.
پێشنیازەکانى نەوەى نوێ ڕووى لە پارتى دیموکراتە کە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنە و بۆ پێکهێنانى حکومەت ڕادەسپێردرێت.
نەوەى نوێ جەخت دەکاتەوە کە ئامادە نییە بە پێدانى چەند وەزیرێک بەشدارى لە حکومەت بکات، بەوپێیەى ناتوانێت بەو شێوەیە "گۆڕانکارى لە حوکمڕانیدا" بکات، کە سەرۆکى نەوەى نوێ پێشتر چەند جارێک ڕایگەیاندووە ئەوە "ئامانج"ـى جووڵانەوەکەیانە.
براوەى چوارەمى هەڵیژاردن کە یەکگرتووى ئیسلامییە و خاوەنى حەوت کورسییە، پێشوەختە ڕایگەیاندووە کە بەشدارى لە حکومەتدا ناکات.