پەرەگراف
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان 38 تانەی كاندید و لایەنەكانی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ڕەت كردەوە و لەم ڕۆژانەدا تانەكانی دیكە یەكلا دەكاتەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لە كۆی 41 تانە، 38 تانەیان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە ڕەتكراونەتەوە و تەنیا سێ تانە قبووڵ كراون".
سەبارەت بە بڕیاری كۆتایی لەبارەی تانەكانەوە، وتەبێژی كۆمیسیۆن وتی "لەم هەفتەیەدا دەستەی دادوەری ئەو سێ تانە یەكلا دەكاتەوە كە ماون".
ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو. جگە لە سێ لایەنی براوە، زۆرینەی لایەنەكانی دیكە پێیان وایە "ساختەكاریی گەورە" لە هەڵبژاردنەكەدا كراوە، بە جۆرێك كە بە هەڵبژاردنێكی "دیزاینكراو لە دەرەوە" ناوی دەبەن.
زۆرترین تانە لەسەر هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای سلێمانی تۆمار كراوە كە 25 تانەیە، پاشان هەولێر 12 تانە و دهۆك 3 تانە و هەڵەبجە 1 تانە.
كۆمیسیۆن ڕەتی دەكاتەوە ساختەكاری لە هەڵبژاردندا ئەنجام درابێت و سەرۆكی كۆمیسیۆن لە كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی وتی "بۆ یەكەم جارە لە مێژووی هەموو هەڵبژاردنەكانی عێراقدا داتا و زانیارییەكانی ڕۆژی دەنگدان بە هاردێك بە لایەنەكان دراوەتەوە، كە تەنانەت وێنەی وەرەقەی دەنگدانیشی تێدایە". دەشڵێت "باشترین هەڵبژاردن بووە لە ساڵی 1992ـەوە تا ئەمڕۆ ئەنجام درابێت".
هەندێک لە لایەنەکان باس لە ئەنجامدانی ساختەکاری لە ڕێگەی ئەو سۆفتوێرەوە دەکەن کە بۆ هەڵبژاردن بەکارهێنراوە. ئەوان پێیان وایە بە بەکارهێنانی ئەو سۆفتوێرە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆرییەوە دابین و سەرپەرشتی کراوە، دەستکاریی ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی چەند لایەنێک کراوە.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی ٣٩ کورسی، یەکێتی ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتوو ٧ کورسی، ڕەوتی هەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەری ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش یەکی یەک کورسییان بەدەست هێناوە، سێ کورسیش بۆ پێکهاتەی مەسیحی و دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان بووە.