لە سلێمانی باندێكی سەرانەسەندن دەستگیركران؛ بیكەیسییان پێبووەو ڕوبەڕوی پۆلیس بوونەتەوە

04-09-2020 01:09
چەك‌و تەقەمەنی باندەكە كە دەستی بەسەردا گیراوە.

پەرەگراف

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی باندێكی تاوانكاریی ڕاگەیاند كە لە 10 كەس پێكدێن‌و بە چەكی جۆراوجۆرو ئۆتۆمبێلەوە باج‌و سەرانەیان لە خەڵك سەندووە، باندەكە لەكاتی ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس دەستگیر كراون.

لەكاتی دەستگیركردنی باندەكەدا، دەستگیراوە بەسەر بیكەیسییەك و چوار كڵاشینكۆف و ئێم فۆڕێك و پێنج دەمانچە لەگەڵ چەند تەقەمەنییەكی دیكە و دوو بێ تەل و چوار ئۆتۆمبێل كە لەناویاندا دوانیان تابلۆی ئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگەیان لەسەرە.

موقەدەم ئەكرەم قادر، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیەوە پێكهێنراوەو دوای چاودێرییەكی ورد، توانرا ئەمشەو كاتژمێر 2:30 خولەك سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە لەكاتی ڕوبەڕوبوونەوەدا دەستگیر بكەن كە باج و سەرانەیان لە هاوڵاتیان وەرگرتووە.

باندەكە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود ڕوبەڕوی پۆلیس بوونەتەوەو دواتر توانراوە سەرجەمیان كە 10 تۆمەتبارن دەستگیربكرێن، "داواكارین لە هاووڵاتیان لەهەر گلەیی و گازندەو كەسێكی گوماناوی دەرگای پۆلیسی سلێمانی كراوەیە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ كەیسەكانیان بكرێت" موقەدەم ئەكرەم وای وت.

ئەوەشی خستە ڕوو، لەناو ئۆتۆمبێلە گیراوەكاندا دوانیان تابلۆی ئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگەیان لەسەرە، "گوماندەكرێت ساختەبن و هێشتا لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە".