پەرەگراف
بۆمبێکى چێندراو بە مەفرەزەیەکی لیوایەکى هاوبەشى پێشمەرگە و سوپاى عێراقدا تەقییەوە و بەهۆیەوە شەش فەرماندە و سەرباز شەهید و بریندار بوون.
وەزارەتى پێشمەرگە لەبارەى ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، کاتژمێر (٩:٠٠)ـى بەیانى، لە سنووری خورماتوو، بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی فەرماندەی فەوجی٣ی لیوای ١ی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقییەوە".
بەپێى ڕاگەیەندراوى وەزارەتى پێشمەرگە، لە ڕووداوەکەدا "عەقید ڕوکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەی فەوج و عەقید محەمەد ڕەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی ٩ی سوپای عێراق و ن.ض شریف ئەحمەد محەمەدئەمین شەهید بوون". هەروەها "سێ سەرباز"یش بریندار بوون.
وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت "ڕووداوەکە لە ئەنجامی کێوماڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی ئاسایشی هاوبەش بووە. "