بەریتانیا لە دانوستاندایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ سنووردارکردنی لێشاوی کۆچبەران

18-11-2024 09:07

پەرەگراف

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ تورکیا و ڤێتنام و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە سەبارەت بە ئەنجامدانی  ڕێککەوتتنامەی دارایی بە ئامانجی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ڕوو لە بەریتانیا دەکەن.

کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ بەرازیل بە مەبەستی بەشداری کردن لە لوتکەی جی ٢٠ بۆ ڕۆژنامەنووسان دوا، جەختی لەسەر پێویستی ڕێگریکردن لە خەڵکی کرد بۆ ئەوەی  ڕێگەی مەترسیداری کۆچ نەگرنەبەر.

ناوبراو هەوڵەکانی بە گرنگ وەسف کرد بۆ چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی کۆچکردن و بەرەنگاربوونەوەی تۆڕە تاوانکارییەکان کە ئاسانکاری بۆ بەقاچاخبردنی خەڵک دەکەن.

ستارمەر دەڵێت: "هەر شتێک کە بتوانین بیکەین بۆ ئەوەی هەر لەشوێنی دەرچوونەوە ڕێگە لە کۆچی خەڵکی بگرین، کارێکی دروستە".

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی تایمز، ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەگەڵ چەند حکومەتێک دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەمنی و هاوکاری دەکات، لەوانە حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا و ڤێتنام. ڕۆژنامەی تایمز دەڵێت، دەکرێت ئەم ڕێککەوتنانە پێش کۆتایی ساڵ واژۆ بکرێت.

وردەکاریی گفتوگۆو میکانیزمەکانی پارەدانی بەریتانیا هێشتا ئاشکرا نییە، بەڵام میدیاکانی بەریتانیا دەڵێن ئەو وڵاتە "بودجەیەکی زەبەلاح"ی بۆ ڕێگریی لە شەپۆلی کۆچبەران تەرخانکردووەو کابینەکەی ستارمەر بڕوایوایە رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی دەبێت لە وڵاتی کۆچبەرانەوە بێت نەک کاتێک کە دەگەنە بەریتانیا.

ئەو هەوڵەی بەریتانیا، گرتنەبەری هەمان ڕێگای ئیتاڵیایە کە بە بودجەیەکی زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆوە ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ لیبیاو تونس ئەنجامداوە بە مەبەستی بەهێزکردن و تووندکردنەوەی سنوورەکانیان، لەگەڵ هاوکاریکردنی کۆمپانیا ناوخۆییەکان بۆ دابینکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجانی ئەو وڵاتانە تا بیر لە رۆیشتن نەکەنەوە و لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە، بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئەو سیاسەتەی ئیتاڵیا کاریگەری گەورەی دروستکردووە و کۆچی نایاسایی بۆ ئەو وڵاتە 62% کەمکردووەتەوە.