شاندی ھەرێم دەچێتە بەغداد

05-09-2020 01:31
شاندەكەی هەرێم لە سەردانێكی پێشووتریاندا بۆ بەغداد

پەرەگراف

شاندی هەرێمی كوردستان سبەینێ دەچێتەوە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن‌و ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بودجەو نەوت.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە پەرەگرافی ڕاگەیاند: شاندە باڵاكەی حكومەت بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی دەبێت و پرسەكانی تایبەت بە بودجە و مووچەی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق تاوتوێ دەكەن.

سە‌ردانە‌كە دوای ئەوەدێت مستەفا كازمی لەكاتی سەردانی بۆ واشنتۆن داوای لەو بەرپرسە كوردانە كردبوو كە لەگەڵیدا بوون كە دوای گەڕانەوەیان لەماوەیەكی كورتدا شاندی ھەرێم سەردانی بەغداد بكات بۆ ڕێككەوتن، ئەمریكاش ھەمان داوای لە كازمی كردووە كە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ڕێككەوێت.

حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی چڕ لە دوو مانگی ڕابردوودا، ھێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی بودجەو نەوت، بەتایبەت بۆ ساڵی ئایندە كە عێراق لە ئێستاوە ئامادەكاریی دەكات بۆ یاسای بودجەی ساڵی داھاتوو. بەڵام تا ئەوكاتەی دەگەنە ڕێككەوتن مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم دەنێردرێت.

هەرێم چەندینجار ڕایگەیاندووە ئامادەیە تەواوی نەوت ڕادەست بكات، بەڵام بەو مەرجەی بەغداد سەرجەم شایستە داراییەكانی بنێرێت، ھێشتا حكومەتی ناوەندیی بەوە ڕازیی نەبووە.

كێشەكانی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەرێم‌و بەغداد نوێ نین، بەڵام لە ئێستادا گرنگترین بابەت بۆ هەرێمی كوردستان پرسی مووچەیە كە ناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا و بەبێ لێبڕین دابەشی بكات.