نرخی گۆڕ لە گۆڕستانی نوێی سلێمانی؛ منداڵ 175 هەزارەو گەورە 260 هەزار

05-09-2020 01:49

پەرەگراف

نرخی گۆڕ لە گۆڕستانی نوێی سلێمانی ڕاگەیەندرا، بۆ مردووی خوار تەمەن 12 ساڵ 175 هەزار دینارە و بۆ گەورەش 260 هەزار، سەردانی گۆڕستانەكە بێبەرامبەرەو گۆڕستانەكە دراوە بە كۆمپانیایەك‌و ڕێگە بە خەڵك نادرێت خۆی گۆڕ بۆ مردووەكەی هەڵبكەنێت.

كۆمپانیای سەرپەرشتیاری گۆڕستانی نوێی سلێمانی، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی خستەڕوو لەبارەی نرخی گۆڕو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسلەوە دەكەن نرخی گۆڕ ملیۆنێك‌و 100 هەزار دینارە.

ژیر جەمال، پارێزەری كۆمپانیای دوزی كە سەرپەرشتیاری گۆڕستانی نوێی سلێمانییە، ئەوەی خستە ڕوو، بەپێی گرێبەستێك كە لەنێوان شارەوانی سلێمانی و كۆمپانیاكەیان كراوە، مەرج و ڕێنماییان بۆ دیاریكراوەو دەبێت سەرقەبرانەكانی دیكەی ناو شاری سلێمانی دابخرێن و گۆڕهەڵكەنەكانی ئەو سەر قەبرانانە بگوزارێنەوە بۆ ئەو 20 كۆشكەی لەناو گۆڕستانە نوێیەكەدا هەن، ئەو 20 كۆشكەش لەلایەن شارەوانییەوە بە كرێ دەدرێن.

سەبارەت بە نرخی گۆڕەكان، پارێزەری كۆمپانیاكە وتی "گۆڕی منداڵ تاوەكو 12 ساڵ نرخەكەی 175 هەزار دینارە، ئەوەش 75 هەزاری دەدرێتە گۆڕهەڵكەنەكە و 100 هەزاریش وەكو خزمەتگوزاری وەردەگیرێت. بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 12 ساڵە واتە بۆ كەسی گەورە، كۆی پارەكەی 260 هەزار دینارە، 110 هەزاری بۆ خزمەتگوزارییە‌و 150 هەزاریش بۆ گۆڕهەڵكەنەكانە".

هاوكات زەردەشت ڕەفیق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕایگەیاند، پێشتر نرخی گۆڕ هەڵكەندن لە گۆڕستانەكانی سلێمانی، 150 هەزار دینار بووەو تەنها بۆ گۆڕهەڵكەنەكە بووە، نرخی ئێستاش لەسەر هەمان بنەمایە‌و ئەوەی خراوەتە سەری بۆ كۆمپانیاكە بە مەبەستی خزمەتكردنی گۆڕستانەكەیە كە زیاتر لە 300 دۆنمە، "دەبێت ببێتە گۆڕستانێك كە هاووڵاتییەك هات وەك ئەوە وابێت سەردانی پاركێك دەكات لە سەوزایی‌و گوڵ‌و گوڵزارو ڕێگاوبان".

گۆڕستانە نوێیەكەی سلێمانی دەكەوێتە ناوچەی قڕگە، هەموو ڕۆژەكانی هەفتە كراوە دەبێت‌و هەموو كاتێكیش دەتوانرێت مردووی تێدا بە خاك بسپێردرێت، لە 6ی بەیانی بۆ 6ی ئێوارە ڕێگە دەدرێت سەردانی مردوو بكرێت‌و بۆ سەردانی مردوو پارە وەرناگیرێت.

پاكوخاوێنی‌و ڕواندنی دارو خزمەتگوزاریی گۆڕستانەكە لە ئەستۆی كۆمپانیاكەدا دەبێت.