كشانەوە لە حكومەت گرژیی دەخاتە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان

05-09-2020 05:46

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان گرژیی‌و ئاڵۆزیی تووند دروست بووە لە نێوان نوێنەری فراكسیۆنی بزووتنەوەكە لە پەرلەمانی عێراق‌و تیمی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف وتی "گرژییەكە بەهۆی ڕەخنەی تووندی غالب محەمەد بووە لە تیمی وەزاریی گۆڕان‌و داوای كشانەوەی لە حكومەت كردووە، بەڵام تیمی حكومەت وەڵامیان داوەتەوەو ڕەخنەیان لە ئەدای فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد گرتووەو تەئكیدیان لە مانەوە لە حكومەتی هەرێم كردووە لە پێناوی چاكسازیدا".

غالب محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغداد، ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكەی‌و لەبری د.یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنەكە بەشداربووە لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، هەڵوێست‌و بۆچوونەكانی تەنها هی خۆی نەبووەو هی فراكسیۆنەكەی بووە، بەوپێیەی لە 20ی مانگی ڕابردوودا لە بەیاننامەیەكدا داوای كشانەوەی گۆڕانیان لە حكومەت كرد.

غالب محەمەد لەبارەی گرژییەكانی ئەمڕۆی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی "ئەوەی ئەمڕۆ لەكۆبونەوەی جڤات ڕویدا كێشەیەكی بچوكی نێوان بەندەو گروپی بەرژەوەندی خوازی گۆڕان نەبوە لە حكومەت، بەڵكو كێشەی سەرەكی بوە لەپێناو ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بەندە بەنوێنەرایەتی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد بەشداربوم بۆیە شەڕێكی شەخسی نەبو، داوام كرد چیتر ئەو گروپە بەردەوام نەبن لەم حكومەتە شكستخواردوە كە بوەتە سەرچاوەی نەهامەتی و دەردەسەری بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و خەریكی مكیاج كردنن بۆ دەسەڵات، دەیانەوێت فراكسیۆنی گۆڕانیش لە بەغداد هاوشێوەی خۆیان لێبكەن و خۆیان و نەوەكانیان وەك شا بژین و ملی هاوڵاتیان بخەنەژێر چەقۆی دەسەڵات".

غالب دەشڵێت "ئاڵۆزیی كۆبونەوەكە لەوەوە دروست بو، چونكە ئەوان نایەنەوێ دەسبەرداری كورسی و بەرژەوەندی ببن، لای ئەێمەش ئەمە قبوڵ نیە، لەئێستادا دەگەڕێمەوە بەغداد و لەگەڵ هاوڕێیانم لە بەغداد كۆبونەوە لەوبارەیەوە ئەنجام دەدەین و هەڵوێستی جدیمان دەبێت، دوا بڕیار لەگەڵ هاوڕێیاندا دەدەین".