پەرەگراف - سەنگەر سالار
شاسوار عەبدولواحید بەر لە چوونە بەردەم دادگا، تەواوی دەسەڵاتەكانی ڕادەستی ئهنجوومهنی باڵای نهوهی نوێ كردووە، جگە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی جووڵانەوەكە.
هاوكات لە دوای دەستبەسەركردنی سەرۆكی جووڵانەوەكە، نەوەی نوێ شاندێكی پێكهێنا و زنجیرەیەك سەردانی بۆ لای حیزبەكان دەستپێكرد. سەرچاوەیەك لەو جووڵانەوەیە ناوەڕۆكی سەردانەكانیان و داواكارییان لەو حیزبانە بۆ پەرەگراف ئاشكرا دەدات.
سەردانەكان لە كاتێكدان شاسوار لە زینداندایە دوای ئەوەی چووە بەردەم دادگا لەسەر سكاڵایەك كە لە دژی تۆمار كراوە.
هیمداد شاهین، بهرپرسی ئۆفیسی دیسكی عێراق له نهوهی نوێ، به پەرەگرافى ڕاگهیاند "بهپێی پهیڕهوی ناوخۆی نهوهی نوێ، لە كاتی نەبوونی سەرۆكی جووڵانهوهكه، دەسەڵاتەكانی لای ئهنجوومهنی باڵای نهوهی نوێ دهبێت".
هاوكات دۆستی ئهحمهد، ئهندامی ئهنجوومهنی باڵای نهوهی نوێ، ئهوهی بۆ پهرهگراف پشتڕاست كردهوه كه "ئێستا دهسهڵاتهكانی سهرۆكی جووڵانهوهی نهوهی نوێ ڕادهستی ئهنجوومهنی باڵا كراوه".
لهبارهی ئهو دهسهڵاتانهی شاسوار عهبدولواحیدهوه كه ئهنجوومهنی باڵا دهتوانێت بهكاریان بهێنێت، سهرچاوهیهكی باڵا له نهوهی نوێ به پهرهگرافی وت "شاسوار عەبدولواحید هەموو دەسەڵاتەكانی خۆی بە ئهنجوومهنی باڵا داوە، تەنیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی جووڵانەوەكە نەبێت".
سهبارهت بهوهی كه شاسوار عهبدولواحید بهر لهوهی بچێته بهردهم دادگا، هیچ شتێكی به بهرپرسانی جووڵانهوه وتووه؟ هیمداد شاهین وتی "تهنیا داوای كردووه بهردهوام بین له ئهركهكانمان و له بهرانبهر فشارهكاندا تهسلیم نهبین".
نەوەی نوێ لە دوای دەستبەسەركرانی سەرۆكەكەی، هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەكانی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق چڕ كردەوە، حیزب و لایەنەكانی لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە كەیسی سەرۆكی جووڵانەوەكە "سیاسی"یە و حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم یاسا بەكاردەهێنن لە دژیان.
شاندی نەوەی نوێ تا ئێستا لەگەڵ بزووتنەوە، شیوعی و یەكگرتووی ئیسلامی كۆبووەتەوە، دەیەوێت سەردانی لایەنەكانی دیكەش، جگە لە یەكێتی و پارتی، بكات.
لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكانەوە، سەرچاوەیەكی باڵا لە نەوەی نوێ كە لە كۆبوونەوەكان بەشدار بووە، بۆ پەرەگراف وتی "ئێمە، ئەو حیزبانەی دەرەوەی پارتی و یەكێتی بە دۆستی خۆمان دەزانین و ئەو سەردانانەیش هەوڵی دیبلۆماسی بوون بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان".
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، نەیشاردەوە كە داوای پاڵپشتییان لەو لایەنانە كردووە بۆ كۆتاییهێنان بە "فشارەكان"ی سەر جووڵانەوەكە، وتی "بەو لایەنانەمان وتووە ئەمڕۆ فشارێك لەسەر نەوەی نوێ هەیە، سبەینێ لەسەر ئێوەش دەبێت، بۆیە پێویستە هەڵوێستتان هەبێت".
"بەرگریكردنتان لە نەوەی نوێ، بەرگریكردنە لە ئۆپۆزسیۆن و دەنگی و ناڕازی. بێدەنگیی هەموو لایەكیشمان دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئۆپۆزسیۆن و كپبوونەوەی دەنگی ناڕازی"، سەرچاوە باڵاكەی نەوەی نوێ وای وت.
ڕۆژی 15/5 دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی، فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێی دەركرد. ڕۆژی 16ی مانگیش شاسوار عەبدولواحید خۆی ڕادەستی دادگا كرد و لەبەردەم دادوەردا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە كە ڕووبەڕووی كراونەتەوە، بەڵام دادوەر فەرمانی ڕاگرتنی دا و تا ئێستا لە زینداندایە.
پاش دوو ڕۆژ لە دەستگیركردنی، ڕێگە بە كەسوكارەكەی و سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ درا، شاسوار عەبدولواحید ببینن.
لە فەرمانی دەستگیركردنەوەی شاسوار عەبدولواحید دا كە پێشتر پەرەگراف بڵاویكردەوە، ئەوە خراوەتە ڕوو، بەپێی ماددەی دوو لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، فەرمانی دەستگیركردنەكە دەركراوە.
فەرمانی دەستگیركردنەكە دوای ئەوەدێت 10ی ئەم مانگە ئاسایشی هەرێم ڤیدیۆی تۆمەتبارانی نەوەی نوێی بڵاوكردەوە كە دان بە وەدا دەنێن هەڕەشەیان لە چەند پەرلەمانتارێكی جووڵانەوەكەیان كردووە و چەندین تۆمەتیان بۆ سیاسییە ڕكابەرەكانی حیزبەكەیان دروست كردووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ئەوان دەڵێن، ئەو كارەیان بە "ئاگاداری و فەرمانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەكە كردووە"، بەڵام شاسورا بە تووندی ئەوە ڕەتدەكاتەوەو پێی وایە ئەو كەسانە لەژێر فشاردا بەو جۆرە قسەیان كردووە.
شاسوار عەبدولواحید بەر لەوەی بچێتە دادگا، پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئەوەشی خستە ڕوو، خۆی دەڕوات بۆ بەردەم دادگا، وەك چۆن پێشتر چوووەتە بەردەم دادگا و سڵی نەكردووەتەوە.
"ئەمەی ئێمە و هاوڕێكانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەكانمانە، نەك باجی هەڵە. زۆرێك هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئازادانە دەسورێنەوە لەم وڵاتەدا" شاسوار وای وت.
سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش كرد، گۆڕانكاریی گەورە قوربانیدانی دەوێت. وتیشی"هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە لە جاران بەهێزتر دەبین و كۆڵ نادەین، ئەوەی ئێمە بیری لێ دەكەینەوە چەند ساڵێكی ترە، نەك ئەم وێستگە كاتییە بچووكانەی ئێستا، چونكە ئەمانە تێدەپەڕێت، ئەوەی دەمێنیتەوە بۆ مێژوو و بۆ داهاتوو، ڕاستی و خاوەن هەڵوێستییە".