شەڕو ئاڵۆزیی ناو كۆبوونەوەكەی گۆڕان چۆن ڕوویداو لەسەر چی بوو؟

05-09-2020 08:27

پەرەگراف

گرژی‌و ئاڵۆزیی‌و شەڕەقسە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ڕوویدا؛ سەرچاوەی ناكۆكییەكان بۆ مانەوەو كشانەوە لە كابینەكەی مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوەو گرژییەكە لە نێوان دوو بەرەی دژ بەیەك بووە لەسەر ئەم پرسە.

تیمی وەزاریی گۆڕان ئەمڕۆ میوانداری كراون لە جڤاتی نیشتیمانی بۆ پێدانی ڕوونكردنەوەو بەرچاوڕوونی لەبارەی كارەكانیان‌و ئەدای تیمەكەیان، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی داوایكردووە ئەو قسەكانی بكات‌و ڕێگەی بدەن بڕوات، لەبەرئەوەی دەگەڕێتەوە هەولێرو سبەینێ لە چوارچێوەی شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد، كاتێك لە چوارچێوەی قسەكانیدا ڕەخنە لە فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد گرتووە، غالب محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغداد، داوای كردووە بمێنێتەوەو گوێ لە گوتەكانی‌و وەڵامی ڕەخنەكان بگرێت.

"غالب وتی منیش قسەم هەیەو دەبێت گوێ بگرێت، كاك ئاواتیش ئامادەیی پیشان نەدا گوێی بۆ بگرێ‌و وتی ڕۆژێكی تر دادەنیشین‌و چیتان هەیە باسی دەكەین"، ئەمە سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆ بووە بەوتەی بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف.

غالب محەمەد بە نوێنەرایەتی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد بەشداربووە لە كۆبوونەوەكە، فراكسیۆنەكە سوورە لەسەر كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت، ئاوات شێخ جەنابیش لەگەڵ مانەوە لە حكومەتدایە، كاتێك ئاوات شێخ جەناب ئامادەیی پیشان نەداوە گوێ بۆ گوتەكانی غالب محەمەد بگرێت، گفتوگۆی نێوانیان تووندیی بەخۆیەوە بینیوە‌و وەك نوێنەری دوو بەرەی دژی یەك دۆخەكەی گرژ كردووە، لەو كاتەدا ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی لە دژی غالب محەمەد قسەی كردووەو دۆخەكەی تەواو گرژ كردووە.

ئەو ئەندامەی جڤات كاروان هاشم بووەو قسەی تووندی لەدژی غالب محەمەد كردووە، "وتی ئەگەر بەوجۆرە بەردەوام بیت بە شەق دەتكەمە دەرەوە"، دوو بەشداربووی كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگرافیان گێڕایەوە.

هەرچەندە زانیارییەك هەیە كە شەڕە قسەی نێوان غالب‌و كاروان هاشم گەیشتووەتە "پەلاماردانی یەكتر"، بەڵام دوو سەرچاوەی بەشداربوو لە كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف تەئكیدیان كردەوە كە نەگەیشتووەتە حاڵەتی پەلاماردانی یەكتر.

"هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە دراو گرژییەكە كۆتایی پێهێنرا، غالب محەمەد سووربوو لەسەر ئەوەی كاروان هاشم داوای لێبوردنی لێ بكات ‌و ئاوات شێخ جەناب بمێنێتەوە تا ئەو قسە دەكات‌و وەڵامی ڕەخنەكانی دەداتەوە، بەڵام داواكارییەكانی جێبەجێ نەكراو ئەویش كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت" بەشداربوویەكی دیكەی كۆبوونەوەكە وای وت.

گرژیی نێوان ئەو دوو بەرەیەی ناو گۆڕان تەنها لە نێوان غالب محەمەد لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب‌و كاروان هاشمدا نەماوەتەوە، سەرچاوەیەكی پەرەگراف دەڵێت "گرژییەكە پەڕییەوە بۆ نێوانی غالب محەمەد لەگەڵ دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە، كاتێك غالب دەچووە دەرەوە دانا پێی گوت تۆ چیت بۆ گۆڕان كردووە؟ ئەویش لای دەرگای چوونە دەرەوەكەوە هاواری كرد ڕێگای كەلار-سلێمانیت جوانە"، ئەمە دیمەنەكانی كۆتایی گرژییەكەی ئەمڕۆی كۆبوونەوەكەی گۆڕان بووە.

دوای چوونەدەرەوەی غالب محەمەد، دۆخی هۆڵی كۆبوونەوەكە ئاسایی بووەتەوەو كۆبوونەوەكەی جڤات كە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانی گۆڕانە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.

غالب بە نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكەی‌و لەبری د.یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنەكە بەشداربووە لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، هەڵوێست‌و بۆچوونەكانی هی فراكسیۆنەكەی بووە، ئەوان 20ی مانگی ڕابردوو لە بەیاننامەیەكدا داوای كشانەوەی گۆڕانیان لە حكومەت كرد.

دوای گرژییەكانی ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی بزووتنەوەكە لە بەغداد پشتیوانییان بۆ هەڵوێستەكانی غالب محەمەد دەربڕی‌و دەڵێن، لەوبارەیەوە كۆدەبنەوەو هەڵوێستی یەكلایی كەرەوەیان دەبێت.

هاوكات غالب محەمەد لەبارەی گرژییەكانی ئەمڕۆوە، لە نووسینێكدا لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك، گرژییەكانی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بە "لەپێناو ژیانی هاووڵاتییان" لە قەڵەم دەدات‌و دەڵێت "بەندە بە نوێنەرایەتی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد بەشداربوم بۆیە شەڕێكی شەخسی نەبو، داوام كرد چیتر ئەو گروپە بەردەوام نەبن لەم حكومەتە شكستخواردوە كە بوەتە سەرچاوەی نەهامەتی و دەردەسەری بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و خەریكی مكیاج كردنن بۆ دەسەڵات، دەیانەوێت فراكسیۆنی گۆڕانیش لە بەغداد هاوشێوەی خۆیان لێبكەن و خۆیان و نەوەكانیان وەك شا بژین و ملی هاوڵاتیان بخەنەژێر چەقۆی دەسەڵات".

غالب دەشڵێت "ئاڵۆزیی كۆبونەوەكە لەوەوە دروست بو، چونكە ئەوان نایەنەوێ دەسبەرداری كورسی و بەرژەوەندی ببن، لای ئەێمەش ئەمە قبوڵ نیە، لەئێستادا دەگەڕێمەوە بەغداد و لەگەڵ هاوڕێیانم لە بەغداد كۆبونەوە لەوبارەیەوە ئەنجام دەدەین و هەڵوێستی جدیمان دەبێت، دوا بڕیار لەگەڵ هاوڕێیاندا دەدەین".

ڕەخنەی پەرلەمانتارانی بەغدادی گۆڕان لە بزووتنەوەكەیان‌و تیمی حكومەتیان هاوكاتە لەگەڵ ڕەخنەی هاووڵاتییان بەتایبەت بەهۆی خراپی دۆخی دارایی‌و نەدانی مووچە وەكخۆی‌و لەكاتی خۆیدا، هەرچەندە ڕەخنەی خەڵك بەگشتی لە كۆی كابینەی حكومەتە، بەڵام خەڵكە ناڕازییەكەو ئەوانەی حیزبیی نین یاخود پارتی‌و یەكێتی نین، زیاتر ڕوویان لە بزووتنەوەی گۆڕانە كە پێشتر ئاستی هیوای خەڵكی بە چاكسازیی لە ماوەیەكی كورتدا بەرزكردووەتەوە.