هۆشدارییەكی تووند لە برازایەكی نەوشیروان مستەفاوە ڕووەو گردی زەرگەتە؛ "لێناگەڕێین مێژومان بشێوێنن"

06-09-2020 09:46
دەركەوتنی جوامێر لەگەڵ نەوشیروان مستەفا.

پەرەگراف

"مامم (نەوشیروان مستەفا) بزوتنەوەی گۆڕانی لەناو خەڵكەوە بۆ خەڵك دروست كرد، بەڵام ئێوە بۆ پارە پەیدا كردن و پۆست وەرگرتن بەكارتان هێنا، دەبێت خەڵك ببێتەوە بە خاوەنی بزوتنەوەكە، ئێوە بە مێژوو قوربانیدانی مامم و گۆڕانخوازان نامۆن!" ئەمە بەشێكە لە نوێترین هەڵوێستی جوامێر بەختیار مستەفا، برازای نەوشیروان مستەفا كە ئاڕاستەی بەرپرسانی باڵای گۆڕان‌و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفای كردووە.

جوامێر لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك نووسیویەتی "كۆمێنت وسەرنجی ئەو خەڵكە دڵسۆزو بە هەڵوێستانەی میللەتەكەمان بخوێننەوە دەزانن ئێوە چ بازرگانێكن؟ بە جوهدو هەوڵ و ماندوو بونی ئەو خەڵكە بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو نەك بە چاوچنۆكيی ئێوە!".

برازاكەی نەوشیروان مستەفا هەرچەندە ناوی بەرپرسانی ئێستای گۆڕان‌و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ناهێنێت، بەڵام نووسینەكەی ڕووی لە ئەوانەو لە بەشێكی دیكەیدا هۆشداریی دەدات‌و دەڵێت "مامم بنەماكانی هاوڵاتی بون و ژیانی شەرەفمەندانەی كردبوە ئامانج، ئێوەش كۆمپانیای پارە پەیا كردن و بەرپرسی گوێ ڕایەڵ و دۆست بە بزنسەكانتان و دژ بە میللەت ئامانجتانە! لێناگەڕێین مێژومان بشێوێنن...".

ئەوە یەكەمجار نییە جوامێر ڕەخنەی تووندو ئاشكرا لە دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان بگرێت، ئەو لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو لە پۆستێكی دیكەدا لە پەیجەكەی نووسیویەتی "پارەو ماڵی دنیا بەرچاوی گرتون و خیانەتیان لە نەوشیروان مستەفاو هەموومان كرد".

تا نەوشیروان مستەفا لە ژیاندابووە، جوامێر كەسێكی نزیكبووە لێوەی‌و لە دیدارو كۆبوونەوەكانیدا دەركەوتووە، ئەو وەك كاری ڕێكخراوەیی لە ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی گۆڕان بووە.

دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، جوامێرو بەختیار مستەفای باوكی لە بزووتنەوەی گۆڕان دووركەوتوونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ناكۆكییانەی لەگەڵ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هەیان بووە.

پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، خاڵی سەرەكیی ناكۆكییەكانی براو برازاكەی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ نماو چیا لەبارەی خاوەندارێتی موڵك‌و ماڵی لە نەوشیروان مستەفا بەجێماو و پەیوەندیی بنەماڵەكەیان بووە بە كاری حیزبیی‌و داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان.

لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2017، خاوەندارێتی موڵك‌و ماڵەكەی هەڵایەكی گەورەی لەناو گۆڕاندا دروستكرد كە لێكەوتەكانی تائێستاش بەردەوامن، بە دیاریكراوی چەند ڕۆژێك دوای هەڵبژاردنەكەی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق، ناڕازییەكان هەڵوێستی تووندتریان پیشانداو گەیشتە بایكۆتكردنی گردی زەرگەتەو دەستلەكار كێشانەوەی بە لێشاو، ئەو بەرپرس‌و هەڵسوڕاوانەی گۆڕان تا ئێستاش لە دەرەوەی بزووتنەوەكەن.

لەو كاتەوە زۆرترین دوو كەس كە ڕوبەڕوی ڕەخنە بوونەتەوە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفان، بەڵام ئەوان بێدەنگییان هەڵبژاردووەو وەڵامی هیچ ڕەخنەیەكیان نەداوەتەوە.

موڵك‌و پارەی دەستی نەوشیروان مستەفا بۆ دامەزراندنی گۆڕان ئەوەبوو كە ساڵی 2006 لە مام جەلالی وەرگرتبوو؛ 10 ملیۆن دۆلار لەگەڵ گردی زەرگەتەو تەلاری چاودێری دارایی لە سلێمانی، دواتریش بۆ دەستخستنی داهات بووە خاوەنی پشكی لەسەدا 25ی سۆپەرماركێتێك بەناوی میترۆ لە تەنیشت گردەكە، پاشان مۆڵەتی كارگەیەكی چیمەنتۆی وەرگرت(ئێستا پشكی لەسەدا 15ی كارگەی گاسن هی ئەوانە)، ئەمانە بەناوی كۆمپانیای وشەوە بوون كە ئەویش بەناوی خودی نەوشیروان مستەفاوە بوو، لە دوای كۆچی دوایی ئەو كران بەناوی نماو چیای كوڕییەوە.

ڕەخنەو هۆشدارییەكانی برازاكەی نەوشیروان مستەفا لەكاتێكدایە، پەرەگراف دوو هەفتە لەمەوبەر لە بەدواداچوونێكدا ئەوەی ئاشكرا كرد، ناڕەزاییەكی نوێ لەناو گۆڕان سەری هەڵداوەو ئەگەر چارەسەر نەكرێت، ڕەنگە بچێتە قۆناغێكی دیكەو هەڵوێست وەرگرتنی لێبكەوێتەوە، ئەوەش پەیوەستە بە كاری بازرگانی‌و دەست خستنە بازاڕو پڕۆژەكان "بۆ مامەڵەی ژێربەژێرو قۆرخكاریی".